چۆن وادەکەیت منداڵی یەکەمت غیرە لە منداڵە تازە لەدایکبووەکەتان نەکات؟

PM:11:51:13/09/2021

4052 جار خوێندراوەتەوە

منداڵەکان لە هەستی هاوبەشی کردن تێناگەن تا دەگەنە نزیک تەمەنی چوار ساڵان، جا ڕەنگە هاوبەشی کردن لە یاریەکاندا تا ڕاددەیەک لایان ئاسانتر بێت، بەس کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هاوبەشی کردنی دایک و باوکیان لەگەڵ منداڵێکی تر کەمێک بارودۆخەکە ئاڵۆز دەبێت.

بابەتێکی ماڵپەریBrightside باس لەوە دەکات کە ئەم دۆخە زۆرکات قورسترە لە نێوان منداڵی یەکەم و دووهەمدا چونکە منداڵی یەکەم پێی وایە کە دەبێت دایک و باوکی تەنها دایک وباوکی ئەو بن، هەر بۆیە چەند ڕێگەیەکی باس کردووە بۆ ئەوەی بتوانیت منداڵی یەکەمت بگونجێنیت لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکاندا:

یەکەم: پێش لە دایکبوونی ئەندامە نوێیەکی خێزان، بۆ منداڵی یەکەمتی باس بکە بەشێوەیەک کە هەست بکات هاوڕێیەکی نوێی دێتە دنیاوە و وەک خۆی شتەکانی بۆ باسبکە کە دەخەوێت و دەگری زۆرینەی کاتەکانی سەرەتا، بۆئەوەی وا هەست نەکات بوکەڵەیەکی یاریکردنی بۆ ئەهێنن و دەتوانێت هەمیشە یاری لەگەڵ بکات.

دووەم: هەموو شتێک کە منداڵی یەکەمت داوای دەکات بیکەن و جێبەجێی بکەن بۆی وەک چونە دەرەوە و گەشتکردن یاخود چون بۆ باخچەیەک، ئەگەر نەتتوانی بیکەیت مەیخەرە ملی منداڵە تازە لەدایکبووکە، بۆ ئەوەی ڕقی لی هەڵنەگرێت.

سێیەم: ئاگاداری هەستی منداڵە گەورەکەت بە، کاتێک هەست ئەکەیت بێتاقەتە یاخود توورەیە فەرامۆشی مەکە و هەوڵبدە لێی تێ بگەیت.

چوارەم: هەرکاتێک شتێکت بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکە کڕی پێویستە دیارییەکیش پێشکەش بە گەورەکە بکەیت، بۆ ئەوەی هەست بەوە نەکات کە یەکێک بە سەریدا هاتووە و بەشێوەیەکی باشتر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

پێنجەم: ئەو کاتانەی لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکە کات بەسەر دەبەیت هەمیشە با منداڵەکەی تریش بەشداربێت تاکو هەست بەوە بکات کە خێزانەکە گەورەتربووە هەمووتان پیکەوە چێژ لە کاتەکانتان وەردەگرن.

شەشەم: هەمیشە ئەو هەستەیان پێ ببەخشە کە هەر کەسێکیان تایبەتمەندی و گرنگی خۆیان هەیە لە خێزانەکەدا و کەسیان کەمترنین.