سەردێڕ:

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کێ دەبێت؟

PM:05:15:25/01/2022
9732 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل نامیق
+ -

دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاڕی چی دەدات؟

لەماددەی (پەنجاو چواری دەستوور) و ماددەی (پێنجی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران)، ئەوە بەدەردەکەوێت کە سەرۆکایەتیکردنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی ئامادەبووەوە، تەنھا بۆ ئیدارەدانی ئەو دانیشتنەیە و ھیچ دەسەڵاتێکی دیکەی نیە، ھەروەھا پەیڕەوی ئەنجوومەنەکە پێویستی نەکردووە کە ئەو دانیشتنە تەنھا بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە بێت، بەڵکو دانیشتنەکە بەتەمەنترین ئەندامی ئامادەبوو سەرۆکایەتی دەکات.

کەواتە لەم روەوە من ھیچ سەنەدێکی یاسایی نابینم بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە، بۆیە من پێشبینی دەکەم سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنەکە وەکو خۆی بھێڵیتەوە و ھەڵی نەوەشێنیتەوە، مەگەر رێکەوتنێکی سیاسیی ھەبێت، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە، دادگاش رەچاوی دۆخی سیاسیی عێراق بکات، ئەگەرنا لەرووی یاسایی و دەستورییەوە، دانیشتنەکە کێشەیەکی ئەوتۆی تێدا نییە.

کۆتایی پەرتبوونی سونەکان و سەرەتای لێکترازانی ناو ماڵی شیعە و کورد

لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە سونەکان بەردەوام پەرت و لاواز بوون، راستە بەشداری حکومەت و دەسەڵات بوون، بەڵام بەشداریکردنیان رووکەش و بەرژەوەندیخوازانە بووە، تەنھا لەپێناو مانەوە و خۆپاراستنیان بووە لەسڕینەوە، ئەگەرنا بەجۆرێک کەوتبوونە ژێر ھەژموونی ھێزە شیعییەکان، کە بڕیاری سیاسی و تەنانەت کەرامەت و خۆبەگەورە زانینیان، ھیچ کات پارێزراو نەبووە لەبەردەم دەستوەردانی ئەملا و ئەولا و تۆڵە و لێدانە بەرداوەمەکانی نەیار و دوژمنەکانیاندا.

ئێستا رەنگە قۆناغێکی نوێ ھاتبێتە پێش، فشاری ئەمەریکا لەسەر ئێران لەلایەک و جوڵەکانی وڵاتانی کەنداو بەیارمەتی میسر و پاکستان دژی ئێران لەلایەکی دیکە، ھەلی خۆرێکخستنەوە و بەھێزبوونی بۆ رەخساندوون.

عەرەبی سونەی عێراقیش بەوە بەناوبانگن، ھیچ کات لەقۆستنەوەی ھەل درێغیان نەکردووە، بۆیە پێدەچێت مامەڵەیەکی عاقڵانە لەگەڵ ئەم ھەلەدا بکەن. لەبەرامبەردا ماڵی کورد و شیعە کە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، بەفشاری ئەمریکا و ئێران، یەکڕیزییەکی رووکەش و کارتۆنییان پیشانی یار و نەیار داوە، پێناچێت ئەم بەناو یەکڕیزییە تا کۆتا بەرگەی فشارە ھەرێمی و نێوخۆییەکان بگرێت، پاشان ئەزموونی بیست ساڵی رابردووی حوکمڕانی ئەم دوو پێکھاتە سەرەکیەی عێراق، ئەنجامی باشی نەبووە، بەپێچەوانەوە، باوەڕێکی لای ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە، کەکورد و شیعە، کلتوری دەوڵەتدارییان نیە! عەقڵیەتی حوکمڕانیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی وڵاتێکی پڕ جیاوازیی و کێشەی وەکو عێراق بەڕێوەبەرن، بۆیە پێدەچێت ئەمە سەرەتای پەرتکردنی کورد و شیعە بێت و گێڕانەوەی رۆڵ بێت بۆ سونەکان.

ئایا ئێران ھەر سەیرکەر دەبێت؟

تێکچوون و پەرتبوونی ماڵی شیعە ھێڵی سورە بەنیسبەت ئێرانەوە، پێناچێت ئێران لەم بابەتەدا ھەر سەیرکەر بێت، ئەمە جگە لەوەی خستنی دۆستەکانی ئێران و دورخستنەوە و پەراوێزخستنیان لەدەسەڵاتدا، کارێکی ئاستەم و قبوڵنەکراوە لەدیدی ئێرانەوە، ھەروەھا ئێران خۆشحاڵ نیە بەپەرتبوونی ناوماڵی کورد، چونکە دەزانێت بەپەرتبوونی ماڵی کورد، زۆنی زەرد بەتەواوی دەچێتە بەرەی سعودیە.

تورکیاش دەستکراوە تر دەبێت بۆ زیاترکردنی ھەژموون و قەڵەمڕەویی خۆیی لەم زۆنە و ناوچە سونە نشینەکان، ئەمە جگە لەوەی لەمپەڕی گەورە دروست دەبێت لەبەردەم کشانی دەوڵەتی ویلایەتی فەقیە و دروستبوونی ھیلالی شیعە.

بۆیە باوەڕ ناکەم ئێران لەبەرامبەر ئەم ھەموو مەترسییانەدا سەیرکەر بێت، بەڵکو فشارەکان زیاتر و چڕتر دەکاتەوە لەسەر رەوتی سەدر.

بەپەشیمان بوونەوەی سەدر ھەموو ھاوکێشەکان تێک دەچن، تەسەور ناکەم راگۆڕینی سەدر و پاشگەزبوونەوەی کارێکی ئاستەم یان تەنانەت قورس بێت، چونکە رابردووی ئەم پیاوە پێمان دەڵێت: بڕیاردان و پاشگەزبوونەوەی زۆر ئاسانە و وەکو ئاو خواردنەوە وایە.

ھەرەشەی یەکێتی و بێمنەتیی پارتی

وای نابینم یەکێتی لەخۆیەوە و پشت بەست بەھێزی خۆی ھەڕەشە بکات، چونکە یەکێـتی و ھەموو کەس باش دەزانێت، کە مانەوەی ھاوپەیمانێتیی بارزانی و سەدر و حەلبوسی بەیەکگرتوویی، ھەلی یەکێتی بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لەئاستەم نزیک دەکاتەوە.

بەتێڕوانینی من گرەوی یەکێتی لەسەر تێکچوونی ئەو ھاوپەیمانێتییەیە، لەبەرامبەریشدا پارتی پشت بەست بەو ھاوپەیمانێتییە، تائێستا بەبێمنەتیی ھەڵسوکەت دەکات، بەدڵنیایەوە لەحاڵەتی بەیەکگرتوویی مانەوەی ھاوپەیمانێتییەکە، پارتی براوە دەبێـت و یەکێتیش دەستی بەخاڵێتی لەھەمبانەکەوە دەردەچێت.

خۆ ئەگەر ھاوپەیمانێتییەکەش تێک بچێت، بژاردەکانی بەردەم بارزانی و حەلبوسی و زۆر کەم و سنوردار دەبن، رەنگە حەلبوسی و سونەکان زۆر زیان نەکەن، بەئەندازەی بارزانی و ماڵی کورد.

ھەرچەندە کورد بریتی نییە لەپارتی و یەکێتی، یان لەبارزانی و تاڵەبانی،پۆستی سەرۆک کۆماریش ئەوەندە گرنگ و یەکلا کەرەوە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دوو ھێزە خاوەنی زۆرینەی کورسیەکانن، کەواتە ئەمان نوێنەرایەتی کورد دەکەن لەبەغداد، بۆیە حەقی خۆیەتی ئەم دۆخە بەمەترسیدار ببینین بۆ کورد، چونکە ئەگەر بەعەقڵ و حیکمەت مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، لەھەموو بارێکدا کورد لەقەل و کۆتریش بووە، بێگومان ناو ماڵی کورد پەرت بووە، جا شیعەکان پەرت بن، یان یەکبگرن، بەدڵنیاییەوە ئەم پەرتبوونە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان.

شاراوەش نیە کە پەرتبوونی ساڵی ٢٠١٨ بۆیە ھۆی زیاتر پشتگوێ خستن و پەراوێزخستنی زۆنی سەوز، ئەم پەراویزخستنەش، پەرچەکرداری ئەم زۆنەی زۆر بەھێز کردووە.

دەرەنجام:

کۆی ئەو سیارێویانەی لەوڵاتانی کاریگەر بەھەژموونی ئێران روودەدەن یان دروست دەکرێن، لەیاری مشک و پشیلەی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەچێت، چونکە ئەمریکا ئەوەندەی گرنگە لای ئێران نەبێت بەخاوەنی چەکی ناوکیی، ئەوەندە لای گرنگ نیە، کێ لەعێراقدا باڵادەست دەبێت.

بۆیە ھیچ دوور نیە کۆی ئەم ھاوکێشە و ململانێیانە، پەیوەندیدار بن بە مەلەفی چەکی ناوکیی ئێرانەوە، بۆ زیاتر فشارخستنە سەری و ھێنانە ژێر باری. ئەو یارییانەش کە لەعێراقدا دەیکەن جگە لەئامرازی فشار بردن بۆ یەکتر ھیچی تر نیە، بۆیە رەنگە دواجار دۆخی عێراق وەکو خۆی بھێڵنەوە، بەڵام بەکەمێک ئاڵوزی زیاترەوە، لەگەڵ دروستکردنی دڕدۆنگی و ناکۆکی زیاتر لەنێو ھەدوو ماڵی کورد و شیعەدا.

کوردیش وەکو عادەتی خۆی بەرەوام یاری پێکراوە، ھیچ کات نەیتوانیووە خۆی یاریکەر بێت، لەھەموو ئەو ھەلانەش کە بۆی دروستبوون، ھەر ھەڵەی کردووە لەنەقۆستنەوەیان! سەرکردەکانی ھیچ کاتێک نەیانتوانیووە لەبەرگی حیزب و بنەماڵە بێنە دەرەوە! ستەمیان لەخۆیان و میللەتەکەیان کردووە بە وانەوەرنەگرتن لەرابردوو، چونکە بەردەوام رق و بابەتی کەسیی زاڵ بووە بەسەر ھەڵویستەکانیاندا، سەرەنجام پەرتبوون و لاوازبوونی زیاتر.

ئێستا کە سەدر دروشمی (لا شرقیە ولا غربیە) بەرزکردۆتەوە، حەلبوسیش بەئاماژە پێمان دەڵێت: (لا شیعیە ولا کردیە)، کەچی کورد دوای ئەو ھەموو ساڵە لەبەڵێندان بە بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان، تازە بەتازە دەیەوێت لەژێر ناونیشانی (لا برھم و لا ھوشیار) بەشداریی لەحکومەتی تازەی عێراقدا بکات.

دەبێت پارتی و یەکێتی باش بزانن، نە بارزانی لەگەڵ حەلبوسی و خەنجەردا دەبێت بەخەنجەر بەدەست، نە تاڵەبانیش لەگەڵ مالکی و حەکیم دا دەبێت بە مالک و بە حەکیم.

گەلەری