سەردێڕ:

رۆژنامەی کوردستان لە یادی ١٢٦ ساڵەیدا

PM:06:30:21/04/2024
2088 جار خوێندراوەتەوە
حامد محەمەد عەلی
+ -

رۆژنامەی کوردستان وەک (نۆبەرە و یەکەمین رۆژنامەی کوردی ) لە پاش بەدواداچون و دۆزینەوەی، لەلایەن کۆچکردوان (دکتۆر مارف خەزنەدار) و (دکتۆر کەمال فوئاد) کە دووەمیان لەساڵی ١٩٧٢ لەبەغدا (٢٦) ژمارە دۆزراوەکانی پێکەوە بەزەنگۆگراف بە چاپ گەیاند، زۆری لەسەر نوسراوە و لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ـی باشوری کوردستانیشەوە، چەند جارێک چاپکراوەتەوە، دوجاریان لەلایەن (دەزگای بەدرخان) ـەوە، لە قاهیرەو لە تاران.

من بۆخۆم لە ٢٢ـی نیسانی ١٩٨٥ لە رۆژنامەی ( العراق ) بە عەرەبی یەکەم بابەتی خۆم لەسەر (کوردستان) بڵاوکردەوە.

لە میانەی ئەو باس و نوسینانەدا، لەم دواییانەدا مشتومڕ لەسەر رۆژی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەکە دروست بوو، بەجۆرێک کە ژمارەیەک لە توێژەران ،لەناویاندا مامۆستا (فەرهاد شاکەلی) و کەسانی دیکەش، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ژمارەی یەکەمی (کوردستان) لە ٢١ـی نیسان دەرچوە نەک ٢٢ـی نیسان .

تا ئێستاش ئەو مشتومڕە بەلایەکدا نەکەوتووە و هێشتا لە کوردستان، زیاتر لە ٢٢ـی نیساندا وەک ساڵانی پێشتر یادی دەکرێتەوە.

(مقداد مەدحەت بەدرخان) رۆژنامەی (کوردستان)ـی لە قاهیرەی پایتەختی میسر (١٥ تۆژ) جارێک بە (٤ لاپەڕەی قەبارە ٢٥/٥٠ × ٣٢/٥٠)دەردەکرد، وەک دەڵێن یاساکانی دەوڵەتی عوسمانی رێگەی نەدەدا لە (ئەستەمبول) یان لەشوێنێکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان دەربچێت. میسر لەسەردەمی (محەمەد عەلی پاشا)ـوە جۆرێک لەسەربەخۆیی هەبوو، بۆیە مقداد وەک کەسێکی دیاری بنەماڵەی بەدرخانیەکان، کۆچی بۆ ئەوێ کرد و رۆژنامەکەی لەوێ دوور لە گوشاری دەوڵەتی عوسمانی دەرکرد، میسر ئەو کات زیاترهەژمونی بەریتانیەکان بەسەریدا زاڵ بوو.

مقداد تەنها 5 ژمارەی لە رۆژنامەکە دەرکرد، دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ و ئیتر لە ژمارە (٦)ـوە عەبدولرەحمانی برای کاری دەرکردنی رۆژنامەکەی لەئەستۆ گرت و ئەویش نەیتوانی لەقاهیرە درێژە بە دەرچوونی (کوردستان) بدات و لە ژمارە (٦)ـوە لە ئاوارەبوونی دووەمیدا لە ئەوروپا دەستی بە دەرچوون کردەوە، ژمارەکانی ( ٦- ١٩) لەجنێڤ و (٢٠- ٢٣) جارێکی دیکە لەقاهیرەو ژمارە (٢٤)یش لە لەندەن و ژمارەکانی (٢٥-٢٩) لەفۆلکستۆن و هەردوو ژمارەی (٣٠-٣١) یش جارێکی تر لە جنێڤ دەرچوون. دواین ژمارەی رۆژنامەکەش کە( ٣١ )ـە رۆژی دووشەممە ـ٦ی موحەڕەمی ١٣٢٠ بەرامبەر (١٤ی نیسانی ١٩٠٢)دەرچووە. واتە (کوردستان) چوارساڵ کەم یەک هەفتە یان کەم ٨ ڕۆژ تەمەنی کردووە .

شایانی باسە تا ئێستا ژمارە (١٩)ـی کوردستان کە بەحساب لە شاری (جنێڤ) دەرچووە، نەدۆزراوەتەوەو سۆراخی نیە، بەڵام هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی لێرە و لەوێ بەردەوامە.

رۆژنامەی کوردستان بە (زمانی کوردی) شێوەزاری (جەزیرە و بۆتان) کە بەشێکە لە زاراوەی کرمانجی سەروو، دەردەچوو.. هەروەها لەژمارە(٤)ـوە بە (زمانی تورکی)ـش وتاری بڵاو کردۆتەوە ، بەتایبەتی (عەرزوحاڵ - سکاڵانامە) و ( نامەی کراوە - آچیق مکتوب) کە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی و خودی سوڵتان عەبدولحەمید دەکران. نوسینەکانیشی هەموو بە رێنوسی عەرەبی (ئارامی)ـیە ، کە ئەوکات لە سەرتاپای دەوڵەتی عوسمانیدا بۆ گشت زمانەکان بەکارهاتوە .

پێش چەند ساڵێک نوسەر و توێژەری بواری رۆژنامەنوسی کوردی( عەبدوڵا زەنگەنە ) ناوەڕۆکی هەموو ژمارەکانی رۆژنامەی (کوردستان)ـی هێناوەتە سەر رێنوسی ئەمڕۆی کوردی لە باشور، بەڵام بەداخەوە هێشتا بۆی نەلواوە چاپی بکات.

رۆژنامەی کوردستان، خۆی نیو مانگی بووە، بەڵام لەبەر نالەباری هەلومەرجی دەرچونی ، جگە لە ( 5 ) ژمارەکەی خولی یەکەمی سەردەمی (مقداد مەدحەت بەدرخان) ـی دامەزرێنەر، کە لە قاهیرە دووهەفتە جارێک رۆژانی پێنج شەممە بە رێکوپێکی دەردەچوو، ئیتر لەبەر ناجێگیریی شوێنی دەرچوونی و گوازرانەوەی لەنێوان ئەم وڵات و ئەو شاردا، نەیتوانیوە بەشێوەی نیومانگی تەواو دەربچێت، بەڵکو زۆرجار دوادەکەوت. ئەوەبوو لەژمارە «٢٥»ـەوە ئیتر بەڕەسمی لەجیاتی (پازدە رۆژ جارکی) ، لەژێر ناوی رۆژنامەکەدا نوسراوە (هیڤی جارکی دردکڤە ) واتە مانگی جارێک دەردەچێت.

هەروەها (کوردستان) وەکو ئاماژەم پێدا نەیتوانی تاکو ژمارە «٣١» ـی کە دوا ژمارەی بوو، بەردەوام لەقاهیرە دەربچێ، بەڵکو ناچار لەنێوان پایتەخت و شارەکانی ئەوروپاو (قاهیرە) دا دەسوڕایەوەو بەردەوام لە کۆچدا بوو..

یەکێک لەو خاڵانەی کە لە باسی رۆژنامەی (کوردستان)ـدا شیاوی ئاماژە پێدانە، ئەوەیە کە هەر لە یەکەمین ژمارەیەوە لەسەرەوە نوسیویەتی (هەرجارەی دووهەزار دانە لە ر ۆژنامەکە بەبێ بەرامبەر- بەبەلاش- دەنێرم بۆ کوردستان)، دواتر لە (ژمارە ٢٠)ـوە دیارە بەحوکمی زیاتر دوورکەوتنەوەی رۆژنامەکە لە کوردستان و ئاستەنگی گواستنەوە، (عەبدولرەحمان بەدرخان) ژمارەکەی کەمکردۆتەوەو کردویە بە (دووسەد) دانە کە گوایە دەینێرن بۆکوردستان.

بەڵام ئایا بە کردەیی ئەو ژمارانە گەیشتونەتە کوردستان یان نەخێر، ئەوە زۆر روون نیە لە راستیدا، چونکە ئەو سەردەمە هۆیەکانی گواستنەوە و بەرید، وەکو پێویست بەردەست و ئاسان نەبووە، جگە لە رێگری دەوڵەتەکانیش.

رەنگە لەبەر ئەو هۆکارانە و نەبوونی ئەرشیف و کتێبخانە بووبێت، کە بەداخەوە هیچ کام لەژمارەکانی رۆژنامەکە لە کوردستان نەدۆزرایەوە.

مقداد مەدحەتی دامەزێنەر و خاوەن و سەرنوسەری یەکەمی کوردستان، بەپێی ئاماژەکان کەسێکی دیندار بووە، مۆرکی ئیسلامەتی بەتەواوی و بەزەقیبە نوسینەکانیەوە، چ وەک سەروتار، چ وەک وتار و بابەت دیارە و بۆ پاڵپشتی قسەو بۆچونەکانی، زۆربەی جار (ئایەتی قورئان و فەرمودەی شیرین و قسەی پێشەوایانی ئیسلامی) کردۆتە پاڵپشت و بەڵگە . تەنها لە ژمارەی یەکەمدا جگە لە دەسپێکی (سەروتار) کە بە دەستەواژەی ( بسم اللە الرحمن الرحیم ) و شوکر و حەمد و ستایشی خوا دەستی پێکردووە ، کە ئێمەی بە موسڵمان خەلق کردوە، لە وتارێکی دوور و درێژدا کە هەمووی ئامۆژگاری و رێنمایی و هاندانی کوردە بۆ بەدەسهێنانی زانست و زانیاری، ئایەتێکی قورئان و پێنج فەرمودەی پێغەمبەر و وتەی پێشەواو زانایانی هێناوەتەوە بۆ پاڵپشتی قسەکانی.

(مقداد مەدحەت بەدرخان) کەسێکی سەربەخۆ و بێلایەن بووە لە رووی ئینتمای حزبی و گرۆییەوە، بەڵام کەسێکی موسڵمانی کوردپەروەری دڵسۆز بووە بۆ گەل و نیشتمانەکەی.

هەر ناولێنانی رۆژنامەکە بە (کوردستان)، ئاماژەیەکی گەورەیە و دەیسەلمێنێت، کە مقداد خەمی کورد و کوردستانی بووە و وەک خۆی دەڵێت بۆ خێرو خزمەتی کوردان رۆژنامەکەی لەسەر حسابی خۆی و بە ماندوبوونی خۆی دەردەکات، بۆیە بە ناوەکەی و بە شیتەڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو ( 5) ژمارەی سەرەتای (کوردستان) بۆمان دەردەکەوێت کە مقداد مەدحەت بەدرخان وەک بیروبۆچوون، رێبازێکی (ئیسلامی - نەتەوەیی) یان (نەتەوەیی - ئیسلامی) هەبووە و (کوردستان)ـیش ئاراستەکەی نەتەوەیی - ئیسلامی بووە و مقداد پێی وابووە کە گەلی کورد خاوەنی ناسنامەی لێک گرێدراوی( نەتەوەیی و ئاینی) خۆیەتی .

ئەمەش هەم لەبنەماڵەکەیدا رەنگی داوەتەوە و هەم لەو سەردەمەشدا ئەم ناسنامەیە باو بووە.

مقداد لە رۆژنامەکەیدا بە نەرمی موخاتەبەی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتان عەبدولحەمیدی کردوە و هێرشی توندی نەکردوە، بەڵکو داواکاریەکانی لە شێوەی سکاڵا و عەرزوحاڵ بڵاوکردۆتەوە، هەروەها مقداد لە نوسینەکانیدا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد و جیابوونەوەی کوردی لە دەوڵەتی عوسمانی و مافی سیاسی بۆ کورد نەکردووە، چونکە لەلایەک بیری نەتەوەیی بە مەفهومە سیاسیە ئایدۆلۆجیەکەی، هێشتا بە تەواوی نەخەمڵیبوو، لەهەمان کاتدا عوسمانیەکانیش بەناوی نەتەوەی تورکەوە، دەوڵەتیان بەڕێوە نەدەبرد، بەڵکو دەوڵەتی عوسمانییان وەک چەترێک وێنا دەکرد، کە هەموو نەتەوە موسڵمانەکان لە ژێریدا کۆبونەتەوە، لە ( تورک و کوردو عەرەب و چەرکەس و هتد ).

مێژوونوسی گەورەی کورد ( ئەمین زەکی بەگ) دەڵێت: تاکو تورکەکان باسی نەتەوەی تورک و دەوڵەتی تورکیایان نەکرد، ئێمەش باسی کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانمان نەکرد، بەڵام کە پاش جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، تورکەکان بەسەرکردایەتی ( مستەفا کەمال) دەوڵەتی نوێی تورکیایان دامەزراند، ئێمەش ئیتر مافی خۆمان بوو وەک نەتەوەی کورد باسی خۆمان بکەین.

رەنگە بەشێک لەو شێوازە نەرمەی مقداد بەدرخان ، لە پەیامەکانیدا بۆ (باب العالی) پەیوەندی بە کەسایەتی خۆی و هەروەها نیازی گەڕانەوەی بۆ(ئەستەمبول)ـەوە هەبووبێت.

لەپاش گەڕانەوەی مقداد مەدحەت بەدرخان بۆ ئەستەمبوڵ و بەجێ هێشتنی (رۆژنامەی کوردستان)، (عەبدولرەحمان بەدرخان)ـی برای بە حوکمی ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ( اتحادوترقی) یان پەیوەندی و هاوسۆزی بۆیان، تا رادەیەک ئاڕاستەی رۆژنامەکەی گۆڕی و شێوازی پەیامەکانی کە ئاراستەی (باب العالی) دەکرد، تا رادەیەک توند بوو.

بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە (کوردستان) لە بنەڕەتەوە، یان لانی کەم لە خولی دووەمیدا لە سەردەمی عەبدولرەحمان بەدرخاندا، زمانحاڵی (کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی) بووە، کە ئەم کۆمەڵەیە پەیوەندی بە (رێکخراوی ماسۆنی جیهانیەوە) هەبووە.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ، رۆژنامەی (کوردستان) ئەگەرچی لەو دوو خولەدا ژمارەیەکی زۆری لێ دەرنەچووە و لاپەڕەکانیشی زۆر نەبوون، بەڵام بەهایەکی مێژوویی و سیاسی و کەلتوریی گرنگی هەیەو شیاوی ئەوەیە کە توێژینەوەی زیاتر لە سەر ناوەڕۆکی ژمارەکانی بکرێت، لە هەردوو خولدا و ناوەڕۆکی رۆژنامەکە زیاتر شی بکرێتەوە، نەک تەنها باسی لایەنی شەکڵی و هەلو مەرجی دەرچوونی و ئەو شتانە بکرێت.

------------------------

سەرچاوەکان:-

+کوردستان.. یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی / د. کەمال فوئاد - چاپی یەکەم بەغدا ١٩٧٢ ، چاپی سێیەم تاران ٢٠٠٦- دەزگای بەدرخان.

+ زانیاریە تایبەتەکانی نوسەر لەسەر ڕۆژنامەکەو مێژوی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەگشتی.

گەلەری