سەردێڕ:

لەکاتی داخستنی بازاڕدا دۆلار بە چەند مامەڵەی پێوە کرا؟

PM:06:10:02/05/2024

27568 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا نرخی دۆلار گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی دۆلار لە خوار ١٤٦ هەزار دینارەوە جێگیر بووە و لەکاتی داخستنی بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا.


لە ماوەی رۆژانی ٢٨ـی نیسان بۆ ٢ـی ئایار نرخی دۆلار لەنێوان ١٤٥ هەزار و ٧٥٠ دینار بۆ ١٤٦ هەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوە کراوە و بەتایبەتیش ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی داخستنی بازاڕی دراوەکاندا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و٨٠٠ بۆ ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا.

هاوکات بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، بانکی ناوەندی راسپێردراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار و راگرتنی قاچاخچێتی بە دراوە بیانییەکانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق هەوڵدەدات سەرجەم مامەڵەکانی وڵاتەکەی بکات بە ئەلکترۆنی. دەشڵێن،" تیمێکی کاری هاوبەش لەنێوان دەسەڵاتی گشتی باج و ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆ پێکدەهێنێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی تاوانی رێکخراو لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا".

لای خۆشیەوە، وتەبێژی بازاڕی دراوەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەگەر فرۆشی دۆلاری کاش و حەواڵە بەو جۆرەی ئێستای بمێنێتەوە ئەوا پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار لە ١٤٥ هەزار دیناردا بمێنێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق، لە ماوەی دوو هەفتەدا بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە نزیکی سێ ملیار دۆلار فرۆشتووە و لەو رێژەیەش ٩٦٪ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە. ئەوەش یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەدا نزیکی سێ ملیار دۆلار بفرۆشێت.













گەلەری