دەستەکەتان کەشفە!
PM:03:43:14/08/2025
1968 جار خوێندراوەتەوە
خەبات نەوزاد
+
-
بە درێژایی
مێژووی سیاسی کورد هیچ سەرکردەیەکی سیاسی هێندەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بێباک نەبووە بەرامبەر نەیارانی و ئازایانە و بوێرانە
بەرامبەریان نەوەستاوە و تەحەدای نەکردوون، هەر ئەم ئازایەتی و بوێرییەشی
کردویەتیە خاوەنی گەورەترین هێزی سیاسی کوردستان، لە ئێستادا نەوەی نوێ ١٥ کورسی
پەرلەمانی کوردستان و ٩ کورسی پەرلەمانی عێراقی هەیە، هەرئەوەش کردوویەتە مەترسی
بۆ سەر نەیارانی بەتایبەت یەکێتی و پارتی و ئەوەش وای کردووە بەردەوام فشاری بخەنە
سەر بۆ چوونە بەرەی ئەوان، دوای ئەوەی شاسوار ناچێتە ژێربار، ئیتر فشارەکان دەبنە
فشاری فیزیکی و ئازاردانی جەستەیی تادەگاتە هەوڵی تیرۆرکردنی، بابەتی دەستگیرکردنی
شاسوار نوێ نییە، لەماوەی رابردووەدا چەندین جار رووبەڕووی بووەتەوە و بکەرانیشی
هیچ سوودێکیان لێ نەبینیوە.
هەمووان
لەبەردەم یاسا یەکسان و ملکەچن بەسەرۆکی حزبیشەوە، بەڵام بێ ئەقڵییەکی گەورەیە
بڕوابکەی گرتنی ئێستای شاسوار عەبدولواحید یاساییە و لە چوارچێوەی سەروەری یاسادا
جێی دەبێتەوە، گرتنەکەی هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی
عێراق لە مانگی یانزدەی ئەمساڵ و ئێستا کە کاتێکی زۆری نەماوە بۆ هەڵمەتەکانی
هەڵبژرادن، لەسەر دۆسییەیەک دەستگیرکراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ شەش ساڵ پێش ئێستا و بەهۆیەوە
شەش مانگ بە غیابی حوکمیانداوە!، یەکێتی و پارتی نایانەوێت ئەم نەیارە سەرسەختەیان
لەم کاتەدا ئازادانە کێبەڕکێیان بکات بەڵام ئەمە خەیاڵ خاوییە پێیان وابێت بۆیان
دەچێتە سەر!؟ لە مێژووی ٣٤ ساڵی کابینە شکستخواردووەکانی حکومەتی هەرێمی
کوردستاندا زۆرن ئەو سەرکردانەی حزبە سیاسیەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لەسەر
تاوانی جۆراوجۆر و ئاشکرا فەرمانی گرتنیان هەبووە بەڵام کوا لەسەر کێیان
جێبەجێکراو، کێیان دەستگیرکرا ؟ شاسوار نەبێت؟ بۆ؟ وەڵامەکەی ڕوونە.
هەمیشە ئەوەم
لە شاسوار عەبدولواحید بیستووە لە چەندین دانیشتن وتوویەتی و لە دواهەمین پەیامی
ڤیدیۆیشی کە دوای دەستگیرکردنی بڵاوبوویەوە وتوویەتی «بێباکە لە دادگایکردن بەڵام
دادگاییەکی ئاشکرا و لەلایەنی دادوەرانێک کە گوێ بە فشار و فەرمانی حزبی نەدەن و
کاریان تێ نەکات»، کەواتە فەرموون سەروەری بۆ دادگا بگێڕنەوە و ڕێزی سەروەری
دەسڵاتی دادەوەری بگرن و بەپێی رێکارەکانی دادگا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی شاسوار
بکەن و سەرەتا بە کەفالەت کە سادەترین مافی خۆیەتی ئازادی بکەن دواتر ئاشکرایانە
دادگای بکەن.