یاسا بە دیوە جەهەنمییەکەیدا..!
PM:01:23:14/08/2025
1676 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
لە خەسڵەتە
گرنگەکانى هەموو دەسەڵاتێک لەئێستادا کەدەچێتە پۆلێن بەندییەکانەوە، تا بزاندرێت
ئایا دەسەڵاتێکى باش و دیموکراتە یاخود ستەمکار و گەندەڵە بەوە جیادەکرێتەوە
تاچەندە بێ گرفت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیانى دابیبندەکات و
ئازادییەکان دەپارێزێت و بە سیستم، رێز لە دامەزراوە نیشتیمانییەکان دەگرێت، گەر
ئەو دەسەڵاتەى توانى ئەمانە بکات ئەوا ڕەگ و ڕیشەکەى لە متمانەى خەڵکەوە هاتووە و
هەر لەدەستدانى ئەو متمانەیەش دەترسێت بۆیە دەیپارێزێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوا
هەر دەسەڵاتێک نەیتوانى ئەوانە دابین بکات، ئەوا دەشتوانێت سەرجەم دامەزراوە
نیشتیمانیەکان، هەر لەهێز و پارەودادگاوە بخاتە خزمەتى خۆیەوە، بۆ نمونە لەکاتى
داوا کردنى هەر مافێک لەوانە لەلایەن هاوڵاتیەکەوە یان گروپ و سەرکردەیەکەوە بێت، ئەوا
ئەو دەسەڵاتە بەئاسانى و ملهوڕانە ئەو دەزگایانە لەدژیان بەکاردەهێنێت.
ئێستا لە هەرێم
کە ئەزمونى حکومڕانى چەندین ساڵەى دوو بنەماڵەى فەرمانڕەوا بووەتە بەشێک لە قەیران
و گەندەڵى و بێ چارەنووسى، داواکردنى ماف بووەتە مۆتەکەى ئەم دەسەڵاتە، هەر کە
داوا دەکرێت، هێز و یاسا و پەیوەندى و پارە و هەموو شتێک دەجوڵێنرێت و وەک دەوترێت
جەهەنم بۆ ئەوانە ڕادەخرێت کە داواى دەکەن، کەچى سەربارى ئەمانەش ئەوانەى کە بەهەر
ڕێگاو پاساوێک بێت، پاڵپشتى سەرەکى ئەم ئەزمونە شکستخواردووە حکومڕانیە دەکەن ئەم
ژیانەیان بۆ دەکرێتە بەهەشت و ئەوەى بیانەوێت لە موڵکى گشتى دەخرێتە بەردەستیان.
لەم دۆخەدا کە
قەیران و کێشەکان، بەتایبەتى بێ مووچەى و بێ بازاڕى و بێ کارى و باج و سەرانە و
گەندەڵى لەم ئەزموونەدا گەیشووەتە چڵە پۆپە، سەرکردەیەکى ئۆپۆزسیۆنى وەکو شاسوار
عەبدولواحید ڕادیکاڵانە بەرامبەر ئەم دوو حزب و بنەماڵەیە ڕادەوەستێت، بە ئامڕازى
نوێى مەدەنیانەى سەردەم تەنگەتاویان دەکات، هەر لە گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایى
لەدادگاى فیدراڵەوە، هەر لەشەڕى ناو پەرلەمانى عێراق و فشارى سیاسى لە بەغداوە،
لۆبى کردن لە ڕێگەى شاندە دیپلۆماتیەکان و لە ناوخۆشدا دەیان ئەزموونى نوێ
بەرەنگاربوونەوەى ڕادیکاڵى مەدەنیانەى لە دژى ئەم ئەزموونە حکومڕانیە داهێناوە، لە
پەرلەمان و شەقام و میدیا و کەناڵى دیکەى مەدەنیەوە، بۆ ئەوەى چارەسەرى ڕێشەى
کێشەکانى هاوڵاتیان بدۆزرێتەوە، لە قۆناغێکدا کەیسێک کە خۆیان دەڵێن یاساییە، لێیکراوەتە
فشارێکى سیاسى و بە جۆرەها شێوە و ڕێگا لەدژى بەکارى دەهێنن.
لەولاشەوە لە ئەزمونى
حکومڕانیاندا، سەدان دۆسیەی گەندەڵى، تاوانى کوشتن، فەرمانى گرتن...هتد بێ چارەسەر
ماوەتەوە کە ماف بۆ خاوەنەکەی نەگێردراوەتەوە، یان تۆمەتباران دەستگیرناکرێن یاخود
ئەو بڕیارەش کە لەدژیان لە دادگاکانەوە دەردەچێت وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن،
جاروباریش لە ململانێکانیاندا کە لەسەر بەرژەوەندییە تایبەتیەکانى پارتى و یەکێتى
درووستدەبێت، خۆیان دانیپێدا دەنێن و دەڵێن" بەس دادگامان نییە".
ئێستا کە
زۆرینەى خەڵکى سەیرى ڕووداوى دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید دەکات، سەربارى
ئەوەى دەیان پرسیارى لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە لەلا درووستدەبێت، بەهەمان شێوە ئەوەشى
بۆ زیاتر ڕووندەبێتەوە ناوبراو وەکو سەرکردەیەکى ئۆپۆزسیۆن باجى هەڵوێست و
کردارەکانیداوە کە وەکو ئامانجێکى سیاسى دیاریکردووە لە ژیانیدا و پێشتریش کە
تەقەى لێکراوە و کەناڵەکەى سوتێنراوە و لە زیندان خراوە و دەستبەسەر موڵک و ماڵیدا
گیراوە، لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا زیاتر ئەو مەشهەدانە بیرى خەڵکى دەکەونەوە، بۆیە ئەو
بۆچوونەش تەواوە گە بڵێین، شاسوار عەبدولواحید لەناو زیندان بێت یاخود لەدەرەوەى
زیندان تارماییەکانى بەسەر گۆڕانکارییەکانەوە دیارە، بەسەر ئەو ڕێچکەیەوە دیارە کە
بۆ بەرەنگاربوونەوە و گۆڕانکارى سیاسى دایهێناوە، بەزیندانى کردنى و ساغکردنەوەى
کەیسکى یاسایى کە ژمارەیەک لە یاساناسان پێیانوایە فشارێکە لەم کاتانەدا لەدژى
بەکاردەهێنرێت، هێندەى تر دەیخاتە دڵ و دەروونى خەڵکیەوە، کاریگەرییەکانى زیندوتر
و بەهێزتر دەکات، جا وەک خۆى وتى مابێت و لەژیاندا بێت، لە زینداندا بێت یاخود
لە دەرەوەى زیندان!