سەردێڕ:

چیتر چەکەکانتان ناتانپارێزن!

PM:12:08:11/08/2025
3172 جار خوێندراوەتەوە
عادل باخەوان
+ -

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم دیزاینێکی گەورەیی مێژووییدا بوە، دیزاینێک، راستە دەستکاری سنووری دەوڵەتەکانی نەدەکرد، وەک ئەوەی کە لە ڕێکەوتنەکانی سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسیدا لە ساڵی ١٩١٦ دا باسکرابوون، بەڵام لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیک و بە شێوەیەکی سیستێماتیک و ستراکتۆراڵ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەسەر دوو ڕووبەری گەورەدا دابەشدەکرد، ڕووبەرێکی ئێرانی و ڕووبەرێکی سعودی، روبەرێکی ئێرانی بیناکراو لەسەر ڕژێمی میلیشیاگەرایی، میلیشیای دەوڵەت، دەوڵەتی میلیشیا، هەروەها ڕووبەرێکی سعودی بیناکراو لەسەر ئۆتۆریتاریزم، ئۆتۆریتاریزمی دەوڵەت، دەوڵەتی ئۆتۆریتێر!

لەنێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٢٣ دا، ئەم دوو مۆدێلە لە رووبەرەکانی ئاسایش و سەربازی و ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی و ئابووریدا، زۆر بە توندوتیژانە و لە ڕێگای گروپە پرۆکسیەکانیانەوە بەریەکتری کەوتوون و عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن، فەڵەستین و کوردستانیش ڕووبەری ئەم بەریەککەوتنانەبوون، تەنانەت لە هەندێک دۆخی تایبەتیشدا، خودی خاکی ئێران و سعودیەش ڕاستەوخۆ بوون بە شانۆی نمایشکردنی بەریەککەوتنەکان.

پاش بیست ساڵ لە ڕووبەڕوبوونەوەی خوێناوی، عەرەبی سعودیە و کۆماری ئیسلامی گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە هیچکامیان بەتەنها ناتوانێت هەژموون بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات و مۆدێلی دەوڵەتداری خۆی بەسەر کۆی ڕوبەرەکاندا بسەپێنێت. لێرەوە و پاش چەندین کۆبوونەوە لە عومان و عێراق، لە ١٠ مارسی ٢٠٢٣ دا، تاران و سعودیە ڕێکەوتننامەیەکی مێژوویی لە پیکینی پایتەختی چین واژۆ دەکەن.

بەپێی ئەم ڕێکەوتننامەیە، کە من ناوم نابوو (پاکسی سعودۆ-ئێرانی بۆ ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن و فەلەستین بۆ مۆدێلی میلیشیاگەرایی ئێرانی یەکلاییکرابوونەوە و وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردنیش بە مۆدێلی ئۆتۆریتاریزمی سعودی سپێردرابوون. ئیسرائیل و تورکیاش کە دوو هێزی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەریەکە و لە چوارچێوەیەکی تایبەت و بەکەرەسە و میکانیزمی تایبەت بەخۆیەوە، زیاتر لە مۆدێلی سعودیەوە نزیکتربوون تا مۆدێلی ئێرانی. ئیسرائیل لە ڕێگای ڕێکەوتنەکانی ئەبراهامەوە و تورکیاش پاش ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیماراتدا، هەستیان بەوەنەدەکرد کە ئەم ڕێکخستنەوە نوێیە هەڕەشەبێت لەسەر بەرژەوەندیە وجودی یان ستراتیژیەکانیان، حەوت مانگ دواتر، کۆی هاوکێشەکان سەد و هەشتا پلە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، زیاتر لە دوو هەزار سەربازی بزوتنەوەی حەماس، پەلاماری ئیسرائیل دەدەن و بۆ یەکەم جار لەمێژوودا جەنگ دەبەنە نێو خاکی ئسرائیلەوە و هەزار و دوو سەد ئیسرائیلی کۆمەڵکوژی دەکەن و ٢٥٠ کەسیش بە بارمتە دەگرن. سوپای ئیسرائیلی پێویستی بە ٧٢ کاتژمێرە بۆئەوەی خۆی ڕێکبخاتەوە و کۆنترۆڵی ناوچەکانی بکاتەوە و خۆی بۆ جەنگێکی سەرتاسەری ئامادەبکات.

لە یادەوەری دەستەجەمعیی ئیسرائیلیەکاندا، ٧ی ئۆکتۆبەر ڕێک وەک هۆلۆکۆستی دووهەم مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەوان پێیانوابوو، ئا ئێستاش هەر پێیانوایە، دەکرا لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کۆتایی بە ئیسرائیل بێت و شتێک نەمێنێت بەناوی حیکایەتی ئیسرائیلەوە. هەروەها ئەوان هەر لە سەرەتاوە پێیانوابوو، تائێستاش هەر پێیانوایە کە حەماس هیچ نەبووە تەنها کەرەسەی جێبەجێکردنی ٧ی ئۆکتۆبەر نەبێت، گەرنا بەرپرسیاری یەکەم تەنها و تەنها کۆماری ئیسلامیە و بەس، لەکاتێکدا نەک هەر هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە کە کۆماری ئیسلامی لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری نەخشەی ٧ی ئۆکتۆبەر بووبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ٧ی ئۆکتۆبەر سەد لە سەد دژی کۆی بەرژوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی بوو لە تەواوی ناوچەکەدا. بەڵام خۆی لە ڕاستیدا کێ بەرپرسیاری ڕاستەقینەیە زۆر گرنگ نیە، گرنگە ئەوەیە کە ئیسرائیل پێیی وایە کێ بەرپرسیاری ڕاستەقینەیە و کێ دەبێت تۆڵەی لێبکرێتەوە و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وجودیی ئیسرائیل، دەبێت کێ کۆتایی پێبێت.

لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، تەلئەڤیڤ ڕاستەوخۆ و بە ڕاشکاوی نیشانەی خۆی بۆ پێکان و شکاندن دەستنیشانکردوە کە بریتیە لە کۆماری ئسیلامی ئێران و تەواوی پرۆکسیەکانی لە لوبنان، سوریا، یەمەن، فەلەستین و عێراقدا.لەساتەوەختی ٧ی ئۆکتۆبەردا ئیتر کۆتایی بە جیهانێک دێت و سەرەتای جیهانێکی دیکە لە ناوچەکەدا دەستپێدەکات. لەم جیهانە نوێیەدا، نەک هەر ڕژێمی میلیشیاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی دێت، بەڵکو خودی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەر کۆتاییشی پێنەیەت، دەبێت وەک عێراقی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو، هێندە لاوازبکرێت کە هەمیشە لە لێواری مەرگدا بێت. واتە چیتر کۆماری ئیسلامی ناتوانێت کار بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات، چیتر مافی ئەوەی نییە کە ژێرخانی بالیستیکی بەهێزی هەبێت، هەروەک چیتر مافی ئەوەی نییە کە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ئەو زۆنەدا بکات کە لەڕێکەوتنامەی سعودیە و ئێراندا بۆی دەستنیشانکرابوو، ئێستا و پاش کۆتایی ڕژێمی ئەسەد لە سوریادا، پاش پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جەنگی دوانزە ڕۆژەدا، عێراق و لوبنان لە تاقیکردنەوەیەکی یەکجار سەختدان. ئایا حیزبوڵا لە لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراقدا، تێگەیشتوون لەو گۆڕانکاریە گەورانەی کە لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە؟ ئایا ئەم دوو پلاتفۆڕمە تێگەیشتوون لەوەی کە گەر لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ جووت دەوڵەتەکەیاندا نەکەنەوە، بەرەو مەرگێکی حەتمی دەڕۆن ؟ ئایا سیستمی ئامادەباشیان ڕێگایان پێدەدات کە مەرجەعیەتیان بگۆڕن لە ئێرانەوە بۆ لوبنان و عێراق ؟ هەر لە سەرەتای سەرەتاکانەوە ئێمە حیکایەتێکمان هەیە سەبارەت بە چەکی حیزبوڵا لە لوبنان و حەشدا لە عێراقدا. لەنێو ئەم حیکایەتدا، چەکی ئەم دوو گرووپە لەپێناوی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیە باڵاکانی شیعیە لە لوبنان و عێراقدایە. ئەم چەکە بڕیارە پارێزگاری لە شیعەی ئەم دوو وڵاتە بکات. بڕیارە گوزارشتبێت لە خەونەکانی شیعە لەم دوو وڵاتەدا. بڕیارە میکانزمێکبێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ شیعەکان، بیناکردنەوەی ناوچەکانیان، دابینرکردنی خزمەتگوزاری زیاتر، پەروەردەی باشتر، خوێندنی بەنرختر، تەندروستی کاراتر و هتد. بەڵام بەلای کەمەوە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، هەموومان بینیمان کە چەکەکانی حیزبوڵا و حەشد نەک هەر هیچ یەکێک لەم ئامانجانەیان نە پێکا، بەڵکو نەشیانتوانی خودی سەرکردەکانیان لە کوشتنی دەستەجەمعی بپارێزێت.

لێرەبەدواوە، حەشد و حیزبوڵا لەبەردەم دووڕیانێکی هات و نەهاتدان، وازهێنان لە چەک بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووبەری سیاسیدا خزمەت بە پێکهاتەی شیعە لەم دوو دەوڵەتەدا بکەن، یان بەردەوامبوون لەسەر چەکێک کە هیچ مانایەکی نەماوە جگە لە مانای هەنگاونان بەرەو خودکوژیەکی تراژیدی کە لەکۆتاییدا نەک هەر خۆیان بەڵکو دەکرێت پێکهاتەکەشیان باجە قورسەکەی بدات. لەم دووڕیانەدا، ئەبێ حەشد و حیزبوڵا لەنێوان ئێران لەلایەک و عێراق بۆ حەشد و لوبنان بۆ حیزبوڵا لەلایەکی دیکەوە بڕیاری بژاردەی خۆیان بدەن. ئایا هەر بەڕاستی دەتوانن ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ئەندامەکانیان ببنەوە و پێییان بڵێن، ئێوە لە عێراقدا بەشداریتان کرد لە جەنگی داعش و لە لوبنان جەنگی ئازادکردنی باشوورتان لە بەرامبەر ئیسرائیلدا کرد، بەڵام ئێستا لە عێراقدا داعش نەماوە و لە لوبنانیشدا گەر واز لە چەک بێنین، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەرەنتی ئەوەدەدات کە ئیسرائیل ناچار بە کشانەوە لەو پێنج خاڵە بکات کە داگیریکردووە.

پێیان بڵێن، ئیتر کاتی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت هاتووە! ئایا ئەتوانن، لێرەبەدواوە، لەبری ناردنیان بەرەو بەرەکانی مەرگ، پێشنیاری ژیانێکی باشتر و داهاتویەکی باشتریان بۆ بکەن و لەبری پەروەردەکردنیان وەک جەنگاوەر، پەروەردەیان بکەن بۆئەوەی ببن بە باڵوێز، پەرلەمانتار، سیاسەتمەدار، ئەکتەری کۆمەڵگای مەدەنی، مامۆستای زانکۆ یاخود سەربازی فەرمی سوپای دەوڵەتێکی ڕێزلێگیراو! بێگومان ئەم پەڕینەوەیە هەرگیز پرۆسێسێکی ئاسان نییە و پڕە لە چەندین ئاڵەنگاری هەم زۆر و هەم ئاڵۆز، هەر لەوەی کە کۆماری ئیسلامی کە دەبێت تێبگات کە چیتر ڕێگای پێنادرێت ئەم گروپانە لە دژی دەوڵەتەکانیان و لە ڕۆژهەڵاتی نوێی ناوەڕاست و لە دژی بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا بەکاربێنێت، تا دەگاتە ئەوەی کە خودی ئەم گروپانە دەبێت پەیوەندی ئۆرگانیک و ئایدۆلۆژی و ستراتیژیان لەگەڵ تاراندا ببڕن و لێرەبەدواوە لەبری ئەوەی ئێرانی بن، دەبێت لوبنانی و عێراقی بن. بەڵام ئەوەی کە ئاڵۆزنیە و لای هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش ٧ی ئۆکتۆبەردا، بڕیارە شوێنێک نەمێنێت بۆ ڕژێمی میلیشیاگەرایی، میلیشیای دەوڵەت، دەوڵەتی میلیشیا لە ڤێرژنە ئێرانیەکەیدا!

گەلەری