سەردێڕ:

چارەسەر بۆ دۆخەکەی پەرلەمان!

PM:06:36:27/10/2021
11876 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

رووداوکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوو دەرخستنی ھەقیقەتێکی تاڵە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەھێمنی کاری بۆ دەکرێت و لەگەڵ ھاتنی ئەم کابینەشدا بەزەقی رەنگیداوەتەوە، داپڵۆسینی ھەموو دەنگێکی ناڕازی و پەراوێزخستنی پەرلەمان و بەتاڵکردنەوەیەتی لەھەموو دەسەڵاتەکانی.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبیانووی بێ رێزیکردن بەشکۆی پەرلەمان، چەند مانگێکە رێگری دەکەن لە چوونە ژوورەوەی د.کازم فارووق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ ناو ھۆڵی پەرلەمان، لەکاتێکدا نەجنێوی بازاڕی داوە نەتەعەدای شەخسی کردووەتە سەر ھیچ مرۆڤێک، داوای کردووە رێگەی بدرێت موعاناتی دەنگدەرەکانی بگوێزێتەوە، بەڵام ھەمان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادەنەبوون بڕیاری قەتعی بدەن لەبەرامبەر پەرلەمانتارێک کەنەک تەنھا ئیھانەی راستەوخۆی نوێنەرێکی ھەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانی کرد، بەڵکو راستەوخۆ بوو بە ھۆی تێکچوونی میزاج و باری دەروونی ھەزارانی دیکەش کە راستەخۆ گوێیان لەو وتە نەشیاوە بوو.

لەدەستەی بەڕێز پەرلەمان دەپرسم ئەوەی پەرلەمانتارەکەی پارتی ووتی، بەپێی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان تاوانە، تاوانیش لە کوێی دونیادا خراوەتە راپرسییەوە!!

ئەوەی دوێنێ ئێوارە جەلال پەرێشان وتی و دەرچوونی پەرێشان بەبێ ھیچ سزادانێکی یاسایی، درێژکراوەی ئەو ھەژموونی باوکسالارییەیە کە پارتی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەوی دەکات و بەردەوامە لەسەری پشتئەستور بەو زۆرینەی لەماوەی رابردوودا بەدەستی ھێناوە لەگەڵ بوونی ھەموو تێبینییەک لەسەر ھەڵبژاردنەکانی رابردووتر.

ئەم رەفتارانە بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆش جارێکی دیکە دووبارە بۆتەوەو مەترسییەکی گەورەشە بۆ ئێستاو داھاتووی پەرلەمان دەرەوەی پەرلەمان.

ناکرێت پەرلەمانتار نەتوانێت بەئەرکی وەزیفی خۆی ھەستێت و رۆڵی چاودێری نەبینێت، ناکرێت پەرلەمان نەتوانێت بەم ھەموو کەمتەرخەمی و گەندەڵی و نادادی و بێ سەروبەرییە وەزیرێک، بریکاری وەزیرێک تەنانەت بەڕێوبەرێکی گشتی ئیقالە بکات!

ئاخر وەک بەرزەکی بانان دەرچوون لەو جنێوە، دەمان باتە قۆناغێکی نوێی داپڵۆسین و ماوەیەکی دیکە دەبێتە بڕیار بەناوھێنانی سەرۆک یان سەرۆک وەزیران «حفضە اللە و رعاە» یشی لەگەڵدا نەڵێین «دەمانگرن».

پەرلەمان وابڕوات دادەماڵرێت لەئەرک و واجب و بەھاکانی، ناکرێت پەرلەمانتار نەتوانێت سەرۆک وەزیران یاخود وەزیری دارایی

بانگھێشت بکات و پێیان بڵێت بێزەحمەت کوا ئەنجامی چاکسازییەکەتان؟

نەتوانێت بڵێیت کوا ئەو پارانەی لەرێکخستنەوەی دەروازە سنورییەکان و لادانی بندیوارەکان و گێڕانەوەی مووچەی خانەنشینی نایاسایی دێتەوە؟

وا بڕوات پەرلەمان دەبێتە بوکەڵەیەک بەدەست حزبەوە، بۆیە چارەسەر لە ئێستادا بایکۆت و کۆنگرەی رۆژنامەوانی و بەیاننامە دەرکردن نیە، بەڵکو چارەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە لەسەر ھەمان سیستمی ھەڵبژاردنی عێراق و بەڕێوەبردنیەتی لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی، بەمەرجێک وادەیھەڵبژاردنەکە دیاریکراو بێت و لە سێ بۆ شەش مانگ تێپەڕ نەکات.

گەلەری