سەردێڕ:

دەسەڵات لە چی دەترسێت ؟

PM:09:52:26/06/2025
1020 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات جەمال ساڵح
+ -

دەستگیرکردنی مامۆستا یان فەرمانبەرێک، تەنیا لەبەرئەوەی بیری لە خۆپیشاندان کردووەتەوە، حەیاچوونێکی دیکەیە، کە بەداخەوە ئێستا کەس دەنگ هەڵنابڕێ، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێ.
بە درێژایی تەمەنی ژیری و ژیانی خەڵکەکەی، سلێمانی هەروا بووە، مل بۆ زۆرداری نادات و هەر خۆشی پێشەنگی دەنگی ناڕازییە، ئێستا سەیرە یەکێتی لە سلێمانی لەژێر پەردەی دیموکراسی، دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆی بەکاربهێنێ و پێی وابێ، لە سایەی ئەو دیموکراسی و ئازادی فەراهەم کراوە، وە نەزانێ ئەوە هێزی خەڵکی شارەکەیە ئەویان ناچار بە ملکەچی کردووە.

نا نا، بەڕاستی بە هەولێر کردنی سلێمانی قۆناغی باشی بڕیووە، بە زیادکردنی سجن و گرتنی خەڵک، جا ئیتر شانازیی بە کامە فەراهەم کردنی دیموکراسی و ئازادیتان دەکەن کە وشەی سەر زارتانە؟ بەڕاست ئێوە و پارتی دەتانەوێ تا کەی بە خۆسەپاندن و سیناریۆ دەست بەسەر سلێمانی، هەولێر و دهۆک و کوردستان بگرن و حاکم بن؟ لە ٢٠١٣ وە خەڵک فێری دەیان قەیران کراوە، کەچی یان سوپاسی گوێ لێ دەبێ یان پێیان ئەڵێن، چاوەڕێ بکەن باشی ئەکەین، کام خەڵک؟ ئەو خەڵکەی کە هێزتان تێدا نەهێشت!

رەنگە بۆ ماوەیەکی دیکەش بتوانن وا بەردەوام بن بە درۆ و خۆسەپاندنەکەتان، بەڵام بندیوار و بەرژوەندی خوازەکان دەمرن و گەنجیش پێ دەگات، ئێستا دوو ملیۆن دەنگدەرتان نییە، ئەوکات چوار ملیۆن دژتانە بۆچی رێگەنەدرا خۆپیشاندانەکە بکرێ؟ ئەوەی وەک بیانووی دۆخی ئەمنی ناوچەکە باسکرا بۆ سەلامەتی خەڵک، وە کرا بە هۆکارێک تا لیژنەی ئەمنی سلێمانی قەدەغەی خۆپیشاندان بکات وەک خۆی نییە، لەراستیدا ئەوەی ترسی دروست کردبوو، توڕەیی و فراوانی خۆپیشاندانەکە بوو، یەکێتی و پارتی ترسابوون، خەڵک کە وا دوو مانگە بێ مووچە کراون وە فەرمانگەکان بە بێدەنگی بایکۆتیان کردووە، دۆخەکە سەربدات بۆ چوونە سەر بارەگا حیزبی و حکومییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی شارەکان، کە دواتر ئەوە بە زیانگەیاندن بە پێگەیان هەتا لەقبوونی دەسەڵاتیان دەڕۆشت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکاری حکومەتەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو پڕۆسەیەش نەوەستاوە.

گەلەری