نرخی نەوت ١٠٠ دۆلار بوو کێشەی مووچەتان هەبوو؟
AM:08:34:28/06/2025
684 جار خوێندراوەتەوە
هەنگاو هاشم
+
-
کێشەی هەرێمی
کوردستان نەبوونی داهات نییە، بەڵکو خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی داهاتەکانیەتی، نەوت
کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو سێکتەرانەی لە ماوەی
ڕابردوودا بەخراپی ئیدارە دراوە، بەهۆی بوونی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا
وەبەرهێنەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، کە وایکردوە زیاتر لە نیوەی
داهاتی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیانە بێت، هەر ئەوەش وایکردوە یەکێک لە کێشە گەورەکانی
نێوان هەرێم و بەغدا بێت، گەرچی بەغدا ئامادەبوو کرێی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی
هەرێمی کوردستان بۆ ١٦ دۆلار بەرزبکاتەوە لە هەمواری بودجەدا جێگیرکرا و بڕیاربوو
لە مانگی سێی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و هەردوولا هەرێم و بەغدا
ڕێککەوتن، بەڵام لە پڕێکدا خواستێکی تر هاتە ناو بابەتەکەوە کە حەقدەستی
کارەکانی ڕابردووی کۆمپانیا نەوتیەکان بوو، ئەمەش پڕۆسەکەی پەک خست و تائێستا
هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەمەش وایکرد پشکی هەرێم لە خەرجی بەکارخستن
و وەبەرهێنان لە بودجەی عێڕاق کە زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دینار بوەستێت و مووچەی مووچەخۆرانی
هەرێمی کوردستان نەدرێت.
ئێستا دواین هەنگاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە
بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی
هەرێمی کوردستان کە ڕێگەیەکی درووستە، چونکە، نرخی نەوت ببێتە ١٠٠ دۆلاریش هەرێمی
کوردستان خۆی نەوت بفرۆشی مووچەی پێنادرێ و کورتهێنانی دەبێ، ئەوە بەکردەییش
سەلمێنراوە لەساڵی ٢٠٢٢ نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٠٦ دۆلار بووە و حکومەتی هەرێم
زۆرترین رێژەی نەوت کە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەفرۆشێت، ٢٠٠ ملیار
کورتهێنانی هەبوو.هۆکارەکەشی گرێبەستە نەوتیەکانە ٥٦٪
داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکان و خەرجیەکانیانە و نەوتی هەرێم ١٠ دۆلار هەرزانتر
دەفرۆشرێ لە نرخی جیهانی.گەربێت و هەرێم و بەغدا لەبارەی هەناردە کردنەوەی نەوت و
داهاتی نانەوتی ڕێککەوتن بکەن، دەکرێت لە بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر
بکرێت و ئەو بڕە پارەی پێویستە لە بودجەدا چارەسەر بکرێت، پارەدارکردن
لەبڕگەیەکەوە بگوازرێتەوە بۆ بڕگەیەکی دیکە، ئەگەرچی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی
عێراق ڕێگە بە گواستنەوە نادات لە خەرجییەکانی کارکردنەوە بۆ جۆرەکانی تری خەرجی،
تەنها لە ژێر کۆنتڕۆڵ و مەرجی تایبەتدا نەبێت.لە یاساکەدا هاتووە کە نابێت هیچ
گواستنەوەیەک لە نێوان خەرجییەکانی کارکردن (وەک مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی
ئێستا) و خەرجییەکانی وەبەرهێنان (وەک پڕۆژەی بیناسازی) ڕووبدات.جگە لەوانە، ئیستسنای
سنووردار هەیە بۆ گواستنەوە، بەزۆری بە بڕیارەکانی کابینە یان لەسەر بنەمای
داواکاری ڕەوا و ڕەزامەندی فەرمی دەردەچێت.گواستنەوە لە
بودجەی گشتی بۆ خەرجییەکانی کارپێکردن ئاماژەیە بۆ گواستنەوەی پارەی تەرخانکراو لە
بڕگەیەکی داراییەوە بۆ بڕگەیەکی دیکە لە چوارچێوەی بودجەدا، بەجۆرێک کە لە بری
مەبەستی سەرەتایی خۆیان بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کارکردن بەکاردەهێنرێن،ئەم
ڕێکارە بە شێوەیەکی گشتی کاتێک ئەنجام دەدرێت کە زیادەیەک لە تەرخانکردنی
دیاریکراودا هەبێت یان کاتێک پێویستییەکی بەپەلە هەبێت بۆ داپۆشینی خەرجییە
فریاگوزاریەکان یان چاوەڕواننەکراوەکان.