سەردێڕ:

لە مەسعود پزیشکیانەوە بۆ مەسعود بارزانی

PM:08:00:24/06/2025
3244 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مه‌لا كه‌ریم
+ -

(سەركردە) پێگەو پێناسەی خۆی هەیە و لە هەردوو زانستی سیاسی و بەڕێوەبردندا زۆر جیاوازە لە ( سەرۆك) گرنگترین خاڵی جیاوازی نێوان ئەو دوو چەمكەش میكانیزمی دانانی هەریەك لە سەركردەو سەرۆكە، سەركردە هەڵقوڵاوی مەیدانی تێكۆشان و لەدایكبووی چەندین ناسۆر و ژانە.

بەڵام سەرۆك سەپێنراوە، دانراوە، مەرج نیە هەلبژاردە و قەبوڵكراوی ژێردەستەكانی بێت. لە ( هونەری سەركردایەتی)شدا، دەستەواژەیەك هەیە بەم جۆرەیە: ( سەركردەی سەرڕاست و دلسۆز دەڵێت: گەر بەدڵی ئێوە نەبم وڵات بەجێدێڵم!!! بەڵام دیكتاتۆر دەڵێت: ( گەر بەدڵی خەڵكی نەبم، دەتوانن وڵات بەجێبهێڵن و سەری خۆیان هەڵبگرن!!!).

پاش رێكەوتنە شومەكەی نێوان هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی (إتش كي إن إنرجي" و"ويسترن زاغروس")و مەسرور بارزانی/ قوباد تاڵەبانی لە ئایاری ٢٠٢٥، حكومەتی عێراقی بێویژدانانە ( لەبری سزادانی دەستڕۆشتوانی هەرێم) جامی توڕەیی خۆی رشت بەسەر موچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا و وا بەرەو سێ مانگ دەڕۆین موچەخۆران و سیاسیە شكستخواردوەكانی هەرێم، چاوەڕێی رەحمی بەغدادن.

لەسەروبەندی ئەم كێشەیەوە بەڕێز مەسعود بارزانی ( كە هیچ پۆستێكی ئیداری و دەوڵەتی نیە بەڵام پێموایە سەرجەم كارە حكومیەكانی كوڕ و برازاكەی و شەریكەكانی دەسەڵات، بە فلتەری دیوەخانەكەی بارزانیدا تێپەڕ دەبن) رایگەیاند ئەم ناحەقیە( بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم) لە كەس قەبوڵ ناكەن؟؟؟

لە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ جەنگی ئێران/ ئیسرائیل دەستیپێكرد، دوای چەند كاتژمێرێ لە بۆردومانی تاران و چەند پارێزگایەكی ئێران، (مەسعود پزیشكییان) سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: ( هێرشەكانی ئیسرائیل بێ وەلام نابن) ، هەروەها رایگەیاند: ( بەهەموو هێز و توانایەكمانەوە بەئەركی خۆمان هەڵدەسین و بژێوی هاونیشتمانیان دابین دەكەین). دەوامی سەرجەم فەرمانگەو دامودەزگا حكومیەكانیش ( تەنانەت لەو شارانەش لە ژێر بۆردومانی ئیسرائیلدا بوون) رانەگیرا، بەڵام دەستڕۆشتوانی هەرێم لێرەشەوە گورزێكی تریان وەشاند لە پرۆسەی خوێندن و بێ هیچ پاساوێك بۆ هەفتەیەك پەكخستنی خوێندنی باخچە تا زانكۆیان راگەیاند !!.

وا زیاتر لە چەند هەفتە بەسەر هەڕەشەكانی ( بارزانی)دا تێدەپەڕێت و هاوڵاتیان و موچەخۆران لەوپەڕێ خراپی ژیاندان. ( بارزانی)ش وەك نەبای دیبێت و نەباران، هیچ هەڵویستێكی نەبوو نەبۆ هاوڵاتیانی ژێر دەستەو فرەكوێخا و فرە شوان و بێ شوان، نە بۆ وەڵامدانەوەی حكومەتی عێراقی؟؟؟ بەپێچەوانەوە( پزیشكییان) كە دەسەڵاتەكانی سنوردارە.

كەچی حكومەتەكەی بە توندترین شێوە وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە، هاوكات بریاریشیدا كە مووچەی مووچەخۆرانی وڵاتەكەی بۆ مانگی 3/1403كۆچی هەتاوی، بۆ سێ رۆژلەوادەی خۆی پێشبخات!!.

ماوەتەوە بڵێین: جەنابی بارزانی!!! پێغەمبەری ئیسلام ( درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: پیرە ژنێك خرایە دۆزەخ لەبەر ئەوەی پشیلەیەكی زیندانی كردبوو، نەخواردنی پێدەدا وە نە ڕێگی پێدەدا تا خورادن بۆ خۆی پەیدا بكات) بەڕێزتان بە پلەی یەكەم بەرپرسیارن لە برسی كردن و بێنانكردنی ملیۆنەها هاونیشتیمانی ئەم هەرێمە!!!

بۆ جەنابی قوباد تاڵەبانیش دەڵێین: بەڕێز مامی بچوك.. ئەرێ جەنابتان نەبوون لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، دەنگتان هەڵدەبڕی و هاوارتان دەكرد: ( ئەوەی لە ژن بدات پیاو نیە!!؟)

ئێمەش دەپرسین: قوربان !!! لە شەریعەتەكەی جەنابتاندا حومكی ئەو كەسە چییە كە هەزاران ژن و كچی ئەم هەرێمە برسی دەكات و ناچاریان دەكات لە كاتژمێر ٣ـی بەیانیەوە نازدارەكانیان بەجێبهێڵن و وێڵ بن بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆیان و ماڵ و مناڵیان ، تۆ بڵێی ئەو كەسە چ بێت ؟؟

گەلەری