وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ـی بڵاوکردەوە و، رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگەی وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان، رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگەی وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کردووە، ساڵی خوێندنیش لە ١٦١ رۆژ پێکدێت، وەرزی یەکەم ٧٢ رۆژ دەبێت و وەرزی دووەمیش بە ٨٩ رۆژ بەڕێوەدەچێت، هەروەها تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی لە ٣١ـی ئایارەوە ئەنجامدەدرێن.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەرزی دووەمی خوێندن لە ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ دەست پێدەکات و ٨٩ رۆژ دەبێت، کە تێیدا پشووی بەهار لە ١١ تاوەکو ٢٣ی ئازار دەبێت. تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بۆ پۆلە ناکۆتاکان و تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی ٩ لە ٢ تاوەکو ١٣ێ ئایاری ٢٠٢٧ بەڕێوە دەچێت.
هەر بەپێی ساڵنامەکە، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی (خولی یەکەم) لە ٣١ـی ئایار تاوەکو ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٧ ئەنجام دەدرێن، خولی دووەمیش دەکەوێتە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٧.
وەزارەتی پەروەردە جەختیشی کردووەتەوە، رۆژانی شەممە بۆ تاقیکردنەوەکان بەکاردێت و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت پابەندی کاتەکانی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز بن (پاش ١ـی تشرینی دووەم بۆ وەرزی یەکەم و پاش ١٥ـی شوبات بۆ وەرزی دووەم) تاوەکو پڕۆسەکە بەبێ گرفت و لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.