سەردێڕ:

پوتین بە یەک مەرج ئامادەی دیدارە لەگەڵ زیلینسکی

PM:02:33:28/03/2022

73140 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەی رەتی ناکاتەوە دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا ئەنجام بدات، بەڵام بۆ ئەمەش یەک مەرجی هەیە.


ئەمڕۆ دووشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدس رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی وڵاتەکەی لاری نییە لە دیداری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بەشێوەی راستەوخۆ بەمەرجێک سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەستەنبوڵ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا سازدەکەن و هیوای خواست ئامانجەکانیانی تێدا بەدەست بهێنن.

پێشتر، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا چەند جارێک داوای دیداری راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیای کردبوو بە ئامانجی چارەسەر کردنی کێشە نێوانیان و راگرتنی جەنگ.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی رووسی کە ٩٠ خولەکی خایاند ئاماژەی بەوەدا، "داگیرکارییەکەی رووسیا بووەتە هۆی وێرانکاری لەو شارانەی ئۆکرانیادا کە دانیشتوانەکەی بە زمانی رووسی قسە دەکەن".

وتیشی، "ئۆکرانیا ئامادەیە وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیادا پابەندی پێگەیەکی بێلایەن ببێت، بەڵام دەبێت لەلایەن لایەنی سێیەمەوە گرەنتی بکرێت و راپرسییەکی لەسەر بکرێت".

 













گەلەری