سەردێڕ:

کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی عێراق دەگرێتەوە

PM:10:21:28/04/2024

28152 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە سبەینێوە شەپۆلێکی بارانبارینی کەم روو لە ناوچەکانی عێراق دەکات و لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممەدا دەگۆڕێت بۆ بارانبارینی مامناوەند و بەخوڕ لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما. دەشڵێت، لە رۆژی پێنجشەممەدا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە ئاسمانی تەواوی ناوچەکانی عێراق هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی کەم و پلەکانی گەرما دادەبەزن بەشێوەیەک لە ناوچەکانی ناوەڕاست ٣٥ بۆ ٣٧ پلە دەبێت و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش ٣٤ بۆ ٣٦ پلە و ناوچەکانی باشووری عێراقیش ٣٣ بۆ ٣٧ بلە دەبن.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی سێشەممە کەشی عێراق بە گشتی هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند و بەخوڕ و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

ئەوەشی خستە روو، لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەشدا هاوشێوەی رۆژانی پێشوو ئاسمانی عێراق هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند و روودانی هەورە بروسکە، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی سێشەممە کەمتر دەبنەوە.

باسی لەوەش کرد، لە رۆژی پێنجشەممەدا کاریگەری شەپۆلی بارانبارینەکە لاواز دەبێت تەنها لە چەند ناوچەیەکی بارانی مامناوەند دەبارێت.













گەلەری