سەردێڕ:

بە بیانوی نەبونی پارە ماوەی هەفتەیەکە خانەنشینان لەسەرەی موچەدان

PM:01:48:28/03/2022

3564 جار خوێندراوەتەوە

خانەنشینانی سلێمانی گردبونەوە و رایانگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە لە سەرەی موچەدان، بەڵام هێشتا موچەکانیان وەرنەگرتووە و پێیاندەڵێن پارە لە بانکەکاندا نەماوە.


دوای ئەوەی بۆ رۆژی حەوتەم بە بیانوی نەبونی پارە لە بانکەکاندا خانەنشینان دووبارە موچەکانیان پێنەدرا و ئەوانیش گردبوونەوە.

دەشڵێن، "لەدوای چەندین ساڵ لە خزمەت هێشتا موچەکانمان پێنادرێت و دەڵێن پارە لە بانکەکاندا نیە".

یەکێک لە خانەشینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لەسەرەی موچەدا ئۆتۆمبێل لێیداوم و لە کاتژمێر شەشی بەیانیەوە لە سەرەدام، بەڵام هێشتا موچەکەم وەرنەگرتووە."

ئاماژەی بەوەشدا، "پارە هەیە لە کوردستان، بەڵام حکومەت نایەوێت بیدات بە موچەخۆران." وتیشی، "هەموومان لێرە نەخۆشین و ناتوانین بەوجۆرە لە سەرەدا بوەستین."

یەکێکی دیکە لە خانەنشینان ئەوەی خستەڕوو، " حکومەت بەڵێنی دابوو لە پێش نەورۆز موچەکانمان بدەنێ بەڵام دەستی دەستیمان پێدەکەن."

هەروەها دوێنێ، بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیانەوە مامۆستایانی کۆلێژی کشتوکاڵی سلێمانی بایکۆتی دەوامی فەرمییان کرد و دەرگای کۆلێژەکەیان داخستووە.

بەهەمان هۆکار، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای رانیە بایكۆتی دەوامی فەرمییان كرد و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەكەیان گردبوونەوە و خانەنشینانی سنورەکەش لەبەردەم بانکەکاندا گردبوونەوە و باسیان لەوەکردووە لەپێش نەورۆزەوە سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی موچەی مانگی رابردوویان.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٢٠٠ ملیار دینارەکەی حکومەتی فیدراڵی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

پێشتر چاوگێک لە وەزارەتى دارایی هەرێم رایگەیاند، ٢٥ى ئەم مانگە داهاتى فرۆشراوى نەوتى مانگى رابردوو گەڕاوەتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی و بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، حکومەت نیازی هەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی موچە بکات.













گەلەری