سەردێڕ:

بۆ دووەم رۆژ کۆلێژێکی زانکۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

AM:10:02:28/03/2022

3908 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی زانستە کشتوکاڵیەکانی زانکۆی سلێمانی گردبونەوە و رایانگەیاند، بەهۆی پێنەدان موچەکانیان بۆ دووەم رۆژ بایکۆتی دوام دەکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی زانستە کشتوکاڵیەکانی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم کۆلێژەکەیان گردبونەوە و ئاماژەیان بەوەدا، هەتا موچەی مانگی ئازار و نیسان و شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت ناچنەوە ناوهۆڵەکانی خوێندن و لە بایکۆت کردنی دەوام بەردەوامدەبن.

باسیان لەوەشکرد، هێشتا موچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە لە کاتێکدا دەبوو سێ رۆژ پێش ئێستا دەست بە دابەشکردنی بکرایە.

هەروەها دوێنێ، بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیانەوە مامۆستایانی کۆلێژی کشتوکاڵی سلێمانی بایکۆتی دەوامیی فەرمییان کردووە و دەرگای کۆلێژەکەیان داخستووە.

بەهەمان هۆکار، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای رانیە بایكۆتی دەوامی فەرمییان كردووە و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیەكەیان گردبوونەتەوە و خانەنشینانی سنورەکەش لەبەردەم بانکەکاندا راوەستاون و باسیان لەوەکردووە لەپێش نەورۆزەوە سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی موچەکانی مانگی رابردوویان.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٢٠٠ ملیار دینارەکەی حکومەتی فیدراڵی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

پێشتر چاوگێک لە وەزارەتى دارایی هەرێم رایگەیاند، ٢٥ى ئەم مانگە داهاتى فرۆشراوى نەوتى مانگى رابردوو گەڕاوەتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی و بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، حکومەت نیازی هەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی موچە بکات.


شاڵاو عەلی - سلێمانی













گەلەری