سەردێڕ:

بۆچی شەوی رابردوو بارەگایەکی پارتی لە بەغدا سوتێنرا؟

AM:08:20:28/03/2022

21396 جار خوێندراوەتەوە

کادرێکی پارتی بەناوی "دکتۆر نایف کوردستانی" لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو لەگەڵ مەرجەعییەتێکی عەرەبی سەربە ئالوبەیتە نەک لەگەڵ مەرجەعییەتێکی فارسی و هیندی و ئەفغانی، چونکە ئەوان سەید نین ئەگەر تەنانەت مێزەری رەشیش لەسەر بکەن. لەبەرامبەردا بەشێک لە لایەنگرانی مەرجەعییەت هێرشیانکردە سەر لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و بەشێکیان سوتاند.


دوابەدوای رووداوەکە، پارتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، كەسێك بەناوی "نایف كوردستانی" لە تویتێكدا باسی لە مەرجەعیەت كردووە، ئەوەش بە سووكایەتی لێكدراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەركۆنە و سەرزەنشتی ئەو تویتەی كردووە و دووپات لەوەش دەكاتەوە، كە ئەو كەسە پەیوەندی بەو حزبەوە نییە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو تویتە تەنیا گوزارشت لە رای تایبەتی خودی كەسەكە دەكات و بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستی پارتی نییە، چونکە پارتی بڕوای راستەقینەی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە تەواوی بیروباوەڕە ئایینی و مەزهەبییەكان هەیە.

هەروەها، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسە دەرچووە كە سووكایەتی بە مەرجەعیەت كردووە.

دەشڵێت، ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سووكایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەكان بكرێت و دەستدرێژیان بكرێتە سەر و ئەو كارە بە هیچ جۆرێك قەبووڵ نییە.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکردووە، ئەو كەسەی ئەو تویتەی بڵاوكردووەتەوە تەنیا گوزارشت لە رای خۆی دەكات، هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان روون و راشكاوە لە رێزگرتن و نرخاندنی رۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی و ئەو هەڵوێستەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و لەسەری بەردەوام دەبن.













گەلەری