سەردێڕ:

چەند پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەکەن؟

AM:08:34:26/03/2022

25044 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار بەڕێوەبچێت، تا ئێستا چەند کوتلە و هاوپەیمانێتییەک خۆیان یەکلایی کردووه‌تەوە و بریاری بەشداری کردنیان داوە.


بەپێی ئەو راگەیەندراوانەی کە بڵاو کراونەتەوە تا ئێستا هەریەک لە کوتلەی سەدرییەکان (٧٣ كورسی)، هاوپەیمانی سیادە (٦٢ كورسی)، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١ كورسی)، هاوپەیمانی شەعبیە (٥ كورسی) کوتلەی تورکمانی (١ كورسی) بڕیاری یەکلاکەرەوەیان داوە بۆ بەشداریکردن ١٧٢ کورسین.

لەبەرامبەردا چوارچێوەیهەماهەنگی (٨٤ کورسی)، یەکێتی(١٨ کورسی)، عەزم سوننە (١٣کورسی)، عێراق ئەلمستقل (٥ کورسی)، بابلیون(٥ کورسی)، سەربەخۆکان(٨ کورسی)، ئیشراقەت کانون(١٠کورسی)، یەکگرتووی ئیسلامی (٤کورسی) کۆمەڵی دادگەری یەک کورسی کە دەکاتە ١٤٨ کورسی و زیاترە لەسێیەکی پەکخەر.

ئەم دوو بەرەیە یەکلاکەرەوە نین و هاتووچۆ لەنێوانیاندا هەیەو بەشێک لەپەرلەمانتاران لەدواساتەکاندا خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.

هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک (١٨ كورسی) و بەشێک لەسەربەخۆکان بە مەرج بریاری بەشداری کردنیان داوە لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەراندا.

بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە دوو له‌سه‌ر سێی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە بکەن کە لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکاتە ٢٢٠ کورسی.

لەنێو کوتلە کوردییەکانی نێو پەرلەمانیشدا هەریەک لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و بریاری بەشداری نەکردنیان له‌و دانیشتنەدا داوە، پارتی بەشدارەو نەوەی نوێیش ١٧ مەرجی خۆی لەپێناو خەڵکدا خستوەتەڕوو.


مەرجەکانی خەڵک

هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک ١٧ مەرج ئاراستەی سەدر دەکەن بۆ بەشداریی کردن لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق و تێیدا چەند داوایەک دەخەنەڕوو.

لە راگەیەندراوێکدا کە هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵک" بڵاویان کردووه‌تەوە، چەند مەرجێکی هاوپەیمانێتییەکە دەخەنەڕوو بۆ بەشداری کردنیان لە دانیشتنەکەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق بەڕێوەبچێت.

١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.

٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.

٣- ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار وکفری).

٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.

٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابووری کار لەسەرکراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.

٧- لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەروو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار" و ئەوانی دیکەش.

٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەو کەسانەی رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".

٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.

١٠- چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.

١١- کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.

١٢- یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.

١٣- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.

١٤- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

١٥- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.

١٦- بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.

١٧- گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دۆزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.

هەڕەشەی سەدر

رۆژی هەینی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەگەر یەک لەسەر سێی پەکخەری دانیشتنی پەرلەمان شیعەن، ئەوا داوامان لێبکەن با گەورەترین هاوپەیمانێتیمان تەنها شیعی بێت".

دەشڵێت، "دڵنیاشتان دەکەمەوە ئەمەتان بۆ سەرناچێت".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، "ئەگەر وانەکرێت، ئەوا پێویستە "یەک لەسەر سێی پەکخەر نیشتمانیبێت" و هاوپەیمانێتییەکەشمان نیشتیمانی بێت".


چی روودەدات

بەپێی هەندێک چاوگی ئاگادار پێدەچێت کۆبونەوەکە دوابخرێت بۆ ٢٩ ی ئەم مانگە، ئومێد محمد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەبارەی دواخستنی دانیشتنەکەوە بەئێن ئاڕتی راگەیاند، "دوای دەستنیشانکردنی رۆژی ٢٦ی ئازار بۆ دانیشتنی پەرلەمان سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پەرلەمان تەنها بۆی هەیە تا ٦ی نیسان ئەو دانیشتنە دوابخات و ئەگەر تا ئەو کاتە لایەنەکان نەگەشتن بە رێککەوتن و پەرلەمان نەیتوانی پۆستەکە یەکلابکاتەوە، لەدوای ٦ی نیسان دەکەوینە لادانێکی یاساییەوە سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق."













گەلەری