سەردێڕ:

چی دەزانیت دەربارەی ئەو دوو هەرێمەی ئۆکرانیا کە روسیا وەک سەربەخۆ دانیپێدانان؟

AM:11:52:22/02/2022

19400 جار خوێندراوەتەوە

ڤلادێمیر پوتینی سەرۆکی روسیا رۆژی دووشەممە دانینا بە سەربەخۆیی هەردوو هەرێمی لۆهانسک و دۆنتیسکدا لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیان و بە گوێرەی دانپێدانانەکەی روسیا چی تر بەشێک نین لە خاکی ئەو وڵاتە، دوای چەند کاتژمێرێکیش سەرۆکی هەرێمە جووداخوازەکان لە گرتەڤیدیۆییەکدا دەرکەوتن و سەربەخۆبوونی خۆیان راگەیاند.


هەردوو هەرێمی دۆنتیسک و لۆهانس کە بە هەردووکیان بە دۆنباس دەناسرێن، بوونەتە جێگەی سەرنج و باسی جیهان لە چەند رۆژی رابردوودا.

لە رووی جوگرافیاوە دەکەونە ناوچەی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لە نزیک سنوری روسیا، هەرێمەکە دابەشبووە بەسەر دوو بەشدا و بەشێکیان لەژێر کۆنترۆڵی کیڤدایە و بەشێکی دیکەی لەژێر کۆنتڕۆڵی جووداخوازەکاندایە و پیشەسازی سەرەکی لەناوچەکە پیشەسازی کانزایی و خەڵوزە و رووبەری ناوچەی لۆهانسک ٢٥٧ کیلۆمەتر دووجایە و رووبەڕی ناوچەی دۆنتیسک ٣٥٨ کیلۆمەتر دووجایە.

لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزکەی سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لەدوو ناوچەکەی دۆنتیسک و لۆهانسک دەژین و بە زمانی روسی قسەدەکەن بەهۆی ئەو کۆچکردنی کرێکارە روسییەکانەوە بۆ ناوچەکە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمدا، بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئەسۆشەید پرێسیش، روسیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ٧٢٠ هەزار پاسپۆرتی بۆ هاوڵاتییانی ئەو دوو هەرێمە دەرکردووە کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی هەرێمەکان.

یاخیبووەکان یان جوداخوازەکانی سەر بە روسیا لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستیان بەسەر باڵەخانە حکومییەکاندا گرت و تاک لایەنانە سەربەخۆبوونی هەرێمەکەیان راگەیاند و ناویان لێنا "کۆماری گەل" و ئەوەش داگیرکردنی دورگەی کریمیای بەدواداهات لەلایەن روسیاوە.

مێژووی جەنگ و ململانێکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ و لە رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکاندا ١٤ هەزار کەس کوژران لە هەرێمەکانی لۆهانسک و دۆنتیسکدا بەهۆی رووبەرووبوونەوەکانی نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا وهێزە جوداخوازەکانی سەر بە روسیا و ئۆکرانیا و ئەوروپا روسیا تۆمەتباردەکەن بەوەی هاوکاری ئابووری و سەربازی هێزە چەکدارەکان دەکات و روسیاش بەردەوام ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤دا لە سەروبەندی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا، فڕۆکەیەکی مالیزی کە ٢٩٨ کەسی هەڵگرتبوو لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا خرایە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، دواتر لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە موشەکەکە لەلایەن روسیاوە دابینکراوە و لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی جوداخوازەکانەوە تەقێندراوە، بەڵام روسیا تێوەگلانی لەو بابەتە رەتکردەوە.

لەدوای ساڵی ٢٠١٤وە و گرتنە دەسەڵاتی یاخیبووەکان یاخود جوداخوازەکان سەربەخۆبوونی هەرێمەکەیان خستەدەنگدانەوە، بەڵام تا رۆژی ٢١ی مانگی کانونی دووەم کە دەکاتە دوێنی هێچ کەسێک دانی بەسەربەخۆبوونیاندا نەناوە و دوێنێ ڤلادێمیر پوتین وەک یەکەم سەرۆک دانی بەسەربەخۆبوونیاندا نا و سەرۆکی دوو هەرێمەکەش سەربەخۆبوونیان دووپاتکردەوە.

هاوکات، هەردوو هەرێمەکە سەرۆکی سەربەخۆی خۆیان هەیە و سەرۆکی کۆماری گەلی دۆنتیسک لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڵبژێردراوە و ناوی دێنیس پوشیلینە و سەرۆکی هەرێمی لۆهانسکیش لیۆنید یاچنیکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، روسیا پێشتر سەربەخۆیی دوو هەرێمی دیکەی لە جۆرجیا راگەیاندووە بەناوەکانی ئابخازیا و باشوری ئۆسیتیا و لەوکاتەشەوە هێزەکانی لەو ناوچانە جێگیرکردووە و مافی بەهاوڵاتیبوونی روسیای پێبەخشیوون.

لاس لوقمان













گەلەری