سەردێڕ:

شێلم و پاقلە بازاڕی فرۆشیارانی ئیسکانیان گەرمکردووە

PM:01:29:10/02/2022

5572 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری ھەولێر شێلم و پاقلە لە بەناوبانگترین خواردنەکانی سەر شەقامن و بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، خواستێکی زۆریان لەسەرە.


گەڕەکی تەعجیل و شەقامی ئیسکان کە بە خواردنەکانی سەر شەقام بەناوبانگن، بە نرخێکی گونجاو چەندین جۆر خواردنیان تیادا دەستدەکەوێت کە لەسەر عەرەبانەی دەستی دەفرۆشرێن.

ھەروەھا لە نزیک قەڵای ھەولێر و بازاڕی قەیسەری ژمارەیەکی زۆر عەرەبانەی دەستی ھەن کە خواردنی جۆراوجۆر دەفرۆشن.

لەنێو ئەو خواردنانەشدا بەناوبانگترینیان شێلم و پاقلەیە کە لەلایەن گەنج، پیر، کەسانی ناو شارەکە و گەشتیارانی بیانیییەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.

زەینەل عەباس کە ھاووڵاتییەکی تورکمانی شارۆچکەی تەلەعفەرە و لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە ھەولێر دەژی، عەرەبانەی پاقلە و شێلمی ھەیە و بەردەوام بە ژمارەیەکی زۆر کڕیار دەورەدراوە.

ناوبراو بۆ ئاژاناسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە رۆژێک لەمەوبەر شێلمەکە بە دۆشاوی خورماوە دەکوڵێنن و بەو شێوەیە رەنگی شێلمەکە لە سپییەوە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.

زینەل ئاماژەی بەوەش دا کە یەک قاپ شێلم بە ھەزار دینارە، ھەروەھا بێ بەرامبەریش ئاوی شێلم دەدەن بە کڕیاران کە لەڕووی تەندروستییەوە بۆ گەروو سوودی ھەیە.

گۆشتی سوورکراوەیش لە پاقلەکە دەکات

زەینەل عەباس بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ھەشت کاتژمێر بەر لە فرۆشتنی پاقلە لە ئاوی دەکات و دواتر دەیباتە سەر عەرەبانەکە دەیکوڵێنێت و لە ئاوی گەرمدا دەیھێڵێتەوە.

زەینەل بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە بەپێی داواکاری کڕیارەکان سۆسی جۆراوجۆر بە پاقلەدا دەکات و گۆشتی ئاژەڵ و گۆشتی مریشکی سوورکراوەیش لەگەڵ پاقلەکە تێککەڵ دەکات و وتی: "ئەمە بەتایبەت چوار ساڵە دەنگی داوەتەوە. یەک جێ پاقلە بە ھەزار دینارە و ئەگەر گۆشتی لەگەڵدا پێشکەش بکرێت ئەوا نرخەکەی دەبێتە دوو ھەزار دینار".

زەینەل ئاماژەی بەوە دا کە رۆژانە ١٠٠-١٥٠ جێ شێلم و پاقلە دەفرۆشێت.

پیشەیەک نەوە بۆ نەوە

سەرکەوت حامید کە خەڵکی رەسەنی گەڕەکی تەعجیلە لە ھەولێر بە عەرەبانەکەی چەندین ساڵە لە زستاناندا شێلم و پاقلەی گەرم دەفرۆشێت لە دەورووبەری قەڵای ھەولێر.

سەرکەوت ئاماژەی بەوە دا کە رۆژانە شێلم و پاقلە لە ماڵەوە پاک دەکەن و دەیکوڵێنن، بۆ رۆژی دواتریش ئامادەی دەکەن و دەیخەنە سەر عەرەبانە و دەیھێننە بازاڕ.

سەرکەوت بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە بژێوی ژیانی لەسەر ئەم کارەیە، وتی: "بەم جۆرە تا کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە ئەم کارە دەکەین و ھەندێک رۆژیش تا کاتژمێر ٠٣:٠٠ بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی شێلم و پاقلە".

سەرکەوت ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی کڕیارەکان عەرەبن و ئەم کارەیشی لە باپیریەوە بۆ ماوەتەوە و نەوە دوای نەوە بەردەوام بوون لەگەڵی.

ھەولێر - AA













گەلەری