سەردێڕ:

قەیرانی بەنزین لە هەرێم قووڵتر دەبێتەوە

PM:05:04:13/09/2026

928 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەردەوامی و قووڵبوونەوەی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەهۆی ئاشکرابوونی سەرپێچی و فێڵکردنەوە دەرهێنانی کارتی سووتەمەنی راگیرا، لە سلێمانی و دهۆکیش کەمبوونەوەی پشکی بەنزینی پاڵپشتیکراو و بەرزبوونەوەی نرخەکان، شۆفێرانی تووشی نۆرەگرتنی دوورودرێژ و گرفت کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامی و قووڵبوونەوەی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەهۆی ئاشکرابوونی حاڵەتی فێڵکردنەوە پرۆسەی دەرهێنانی کارتی سووتەمەنی راگیرا، لە سلێمانیش کەمکردنەوەی پشکی رۆژانەی بەنزینی ٧٥٠ دیناری قەیرانەکەی قورستر کردووە، لە دهۆکیش بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزینی بازرگانی و کەمیی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو، شۆفێرانی ناچار کردووە چەندین کاتژمێر لە نۆرە درێژەکاندا چاوەڕێ بکەن.

لە پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان پڕۆسەی دەرهێنانی کارتی سووتەمەنیی راگرت، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، زیاتر لە حەوت هەزار کارتی دروستکراو لایان ماوەتەوە کە خاوەنەکانیان نەچوونەتەوە بۆ وەرگرتنەوەیان، لە هەمان کاتدا لە کاتی سەردانیکردنی بەشێک لە هاووڵاتییاندا دەرکەوتووە کە بەبێ ئاگاداریی خۆیان ناویان بەکارهێنراوە و کارتیان بۆ دەرهێنراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە و ئاگاداریشی داوە کە کڕین و فرۆشتن یان بەکرێدانی کارتەکان سزای تووندی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لە سلێمانیش، کەمکردنەوەی پشکی رۆژانەی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە ٣٠ هەزار لیترەوە بۆ ٢٥ هەزار لیتر بۆ هەر بەنزینخانەیەک، قەیرانەکەی بەرەو قووڵتربوونەوە بردووە، ئەم بڕیارەش بووەتە هۆی درێژبوونەوەی نۆرەی ئۆتۆمبێلەکان و بەشێکی زۆری شۆفێران دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانکردن، بێ ئەوەی بەنزینیان بەربکەوێت دەگەڕێنەوە.

هاوکات لە دهۆک، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی بۆ بەرزترین ئاست لەپاڵ کەمبوونی دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی ٧٥٠ دیناری، فشارێکی زۆری لەسەر بەنزینخانەکان دروست کردووە و شۆفێرانی ناچار کردووە چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا بمێننەوە.













گەلەری