سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتا وردەکاریی لە بارەی پرسی چەکدانانی گرووپەکان ئاشکرادەکات

PM:06:25:03/09/2026

960 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دوا زانیارییەکانی لەسەر کۆبوونەوەکانی دەستەی سێقۆڵی (سوودانی و مالیکی و عامری) لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ئاشکراکرد، کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی پرسی کۆکردنەوەی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا، دەستەکە پشتگیریی لە رێکارەکانی حکومەت دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت رۆژی ٣٠ی ئەم مانگە وەرچەرخانێکی گرنگ بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی تەواوەتی ئەم دۆسیەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە کۆبوونەوەکانی ئەو دەستە سێقۆڵییەی راگەیاند، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە و بە ئەندامێتیی محەمەد شیاع سودانی و نوری مالیکی و هادی عامری پێکهێنرا، ئامانجی سەرەکیی دەستەکە کۆنتڕۆڵکردنی دەرئەنجامەکانی پرسی کۆکردنەوەی چەک و رێگریکردن لە گرژییەکان لە راگەیاندنەکانەوە.

خالد وەلید ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، دەستەی پشتگیریی لە رێکارەکانی حکومەت دەکات بۆ کۆکردنەوەی چەکی گروپەکان، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەردەوامن و ئاماژە ئەرێنییەکان دەریانخستووە کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، هەریەک لە مالیکی و عامری هاوڕان لەسەر بەکارهێنانی چەمکی (رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردن)ی چەکی گرووپەکان، لەبەر ئەوەی چەمکی (داماڵینی چەک) رەنگە کاریگەریی دەروونی لەسەر لایەنی بەرامبەر دابنێت.

پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەسەت دەوڵەتدا، تا ئێستا رەزامەندیی هەموو گرووپەکانی بەدەستنەهێناوە، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و چەند گروپێکی دیکە رەتیانکردووەتەوە لە ٣٠ی ئەیلولدا دەستبەرداری توانای سەربازیی خۆیان بن و پاشەکشەی هێزە بیانییەکان بە مەرجی سەرەکی دەزانن، لە بەرامبەریشدا، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هۆشداریداوە کە دوای ئەو رێکەوتە، مامەڵە لەگەڵ هەر چالاکییەکی چەکداریی لە دەرەوەی دەوڵەتدا بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکرێت.













گەلەری