سەردێڕ:

٣١ـی ئاب؛ زامێک بۆ پەندوەرگرتن

AM:10:32:31/08/2026
156 جار خوێندراوەتەوە
عیماد ئەحمەد
+ -

هەندێک ڕۆژ لە مێژوودا تەنها ژمارەی سەر ڕۆژژمێر نین، بەڵکو برینێکن لە جەستەی نەتەوەدا، (٣١)ی ئاب ١٩٩٦، یەکێکە لەو ڕۆژە تاڵانەی کە زامێکی قوڵ و بەردەوامی لە جەستەی گەلەکەماندا بەجێ هێشت. لەو ڕۆژەدا و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی هێزەکانی ڕژێمی بەعسدا کرایەوە؛ ئەو ڕژێمەی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، ئەنفالی بەسەر گەلی کورددا هێنا و دەیان هەزار کەسی بێسەروشوێن کرد.

یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە نابێت بۆ زیندووکردنەوەی دوژمنایەتی یان تۆڵەسەندنەوە بێت؛ بەڵکو دەبێت پەند و وانەیەک بێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە ڕەشانە لە مێژووی میللەتەکەماندا دووبارە نەبنەوە. چونکە مێژوو کاتێک ڕووناک و بەسوودە کە لە برینەکانی وانە وەربگرین، نەک ساڵانە بیانکولێنینەوە و خوێنی نوێیان لێ بڕژێنین.

٣١ی ئاب دەرئەنجامی پێشخستنی بەرژەوەندیی حیزبی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەبوونی دیدگا و ئیرادە بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان بوو. کاتێک ململانێی سیاسی دەگاتە چەک، بڕیاری نیشتمانی جێگەی خۆی بۆ دەستوەردانی دەرەکی چۆڵ دەکات. ئەو ڕۆژە فێری کردین کە ناکۆکیی ناوخۆیی لەناو ماڵدا نامێنێتەوە؛ بەڵکو دەرگا بەڕووی بێگانەدا دەکاتەوە و باجەکەشی هەمووان دەیدەن.

زیانەکانی ئەو کارەساتە گەورەیە تەنها بە ژمارەی شەهیدان و بێسەروشوێنەکان ناپێورێن؛ دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی لاواز کرد، شکۆی دەسەڵاتی کوردی بریندار کرد و وێنەی هەرێمێکی دابەشبووی پیشانی جیهان دا. هەزاران خێزان تووشی کۆچ و لێکترازان بوون و هەندێکیش تا ئەمڕۆ چاوەڕێی ئاشکرابوونی چارەنووسی ئازیزە بێسەروشوێنەکانیانن.

لەبەردەم یادەوەریی ئەم ڕۆژەدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو قوربانییانی (٣١)ی ئاب و شەڕی ناوخۆ دەنێرین؛ بێ جیاوازیی حیزب و ناوچە. هەر خوێنێکی کورد کە بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆوە ڕژابێت، شکستێکی ویژدانییە بۆ هەموومان. ڕێزگرتنی ڕاستەقینە لە شەهیدان بە دروشم نییە، بەڵکو بە بنبڕکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی کارەساتە.

چارەسەرکردنی دۆسیەی بێسەروشوێنەکان مافێکی مرۆیی و نیشتمانیی بێ ئەملاوئەولایە. پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی، هاوبەش و شەفاف ئەنجام بدرێت، گۆڕە نەناسراوەکان بپشکنرێن و بە پشکنینی DNA ناسنامەی قوربانییان دیاری بکرێت. ئاشتیی ڕاستەقینە بە پەردەپۆشکردنی ڕاستی بنیاد نانرێت؛ بەڵکو پێویستی بە دادپەروەری و ڕێزگرتن لە ئازاری قوربانییان هەیە.

ئەمڕۆ، کە هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری سیاسی، ئابووری و ناوچەییدایە، هیچ شتێک بەقەد یەکڕیزیی ناوماڵ گرنگ نییە. یەکڕیزی بە مانای سڕینەوەی جیاوازی و ڕەخنە نییە؛ بەڵکو بە مانای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا، گفتوگۆ و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتییەوەیە. حیزبەکان دەتوانن ڕکابەری یەکتر بن، بەڵام نابێت ململانێکانیان هەرێم لاواز بکات و دەرگا بەڕووی دەستوەردانی دەرەکیدا بکاتەوە.

با ساڵیادی (٣١)ی ئاب لە ڕۆژێکی تاوانبارکردنی یەکترەوە بکەینە ڕۆژی ئاشکراکردنی ڕاستی و نوێکردنەوەی بەڵێنی «هەرگیز دووبارە نەبێتەوە». باشترین ڕێزگرتن لە شەهیدان، دروستکردنی کوردستانێکە کە تێیدا برایەتی لە حیزبایەتی بەهێزتر، یاسا لە چەک باڵاتر و بەرژەوەندیی نیشتمان لە هەموو بەرژەوەندییەک پیرۆزتر بێت.

گەلەری