سەردێڕ:

لە هەولێر زاوایەک خەزوور و هاوسەرەکەی بریندار کرد و خوشکی هاوسەرەکەشی کوشت

PM:05:24:30/08/2026

4600 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی وت، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گەڕەکی ٩٩ی زانکۆ لە شاری هەولێر، زاوایەک خوشکی هاوسەرەکەی کوشت و هاوسەرەکەی و خەزووریشی بە سەختی بریندار کرد.


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، لە گەڕەکی ٩٩ی زانکۆ رووداوەکە روویداوە و تۆمەتبارەکە بە دەمانچە ١٥ فیشەکی تەقاندووە، لەئەنجامدا ژنێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئێستاشدا تەرمی کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و تیمەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

رووداوەکە دوای ئەوە بووە کە دەمەقاڵێ لەنێوان کەسێک و خێزانی هاوسەرەکەیدا دروستبووە، دواتر زاوای ئەو خێزانە چەکی بەکارهێناوە و تەقەی لە ئەندامانی خێزانی هاوسەرەکەی کردووە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، لە ئەنجامی رووداوەکەدا خوشکی هاوسەری تەقەکەرەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەی خۆی و خەزووریشی بریندارن.


 

 













گەلەری