سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکات

PM:05:03:03/09/2026

892 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (١٦)ی خۆی بۆ رۆژی دووشەممە، ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە، کە تایبەت کراوە بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پڕۆژەیاسای جیاواز لە بوارەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکان و کشتوکاڵ و ئابووریدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٦ ، پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، دانیشتنەکە کاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تێیدا پڕۆژەیاسای پەیوەست بە رێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتان لە وڵاتانی ئیسلامی، هەمواری یاسای مامەڵەکردن بە کەرەستەی کشتوکاڵی و پڕۆژەیاسای هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت تاوتوێ دەکرێن.

بەپێی بەرنامەی کاری راگەیەندراو لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە، بەرنامەی دانیشتنی ژمارە (١٦)ی رۆژی دووشەممە، سێ تەوەر لەخۆدەگرێت:

تەوەرەی یەکەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چوونەپاڵی کۆماری عێراق بۆ سیستەمی بنەڕەتیی رێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتان لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (کە لە دوو مادە پێکهاتووە و لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەکراوە).

تەوەرەی دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای مامەڵەکردن بە کەرەستەکانی کشتوکاڵی ژمارە (٤٦)ی ساڵی ٢٠١٢ (کە لە هەشت مادە پێکهاتووە و لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هۆڕەکان بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پێشکەشکراوە).

تەوەرەی سێیەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت (کە لە ٢٧ مادە پێکهاتووە و لەلایەن لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیەوە ئامادەکراوە).













گەلەری