سەردێڕ:

گەرمیان؛ سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دژی دانەمەزراندنیان گردبوونەوە

PM:01:54:03/09/2026

960 جار خوێندراوەتەوە

لە کەلار سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکان بە مەبەستی دامەزراندنیان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، "دوای ٤٧ جار خۆپیشاندانی ئاشتی و هێمنانە، ماوەی نۆ ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندنین، کە تەنها واژۆی سەرۆکی حکومەتی ماوە، بەڵام هەر ساڵێک بە بیانوویەک ڕاماندەگرن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە بەردەم زانکۆی گەرمیان لە کەلار، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بە مەبەستی دامەزراندنیان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داواکارییەکانیان خستەڕوو.

ئەحمەد عەلی، نوێنەری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایگەیاند، ئێمە وەکو سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی ٤٧ جار خۆپیشاندانی ئاشتیی و هێمانەمان ئەنجامداوە، ماوەی نۆ ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندنین، کە بەفەرمانی سەرۆکی حکومەت بایۆمەتریمان ئەنجام داوە، تەنیا کۆتا واژۆی ماوە بۆ دامەزراندنمان.


​ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە نۆ ساڵە مافمان دەخورێت و لە چاوەڕوانیداین، هەر ساڵێک بە بیانوویەک ڕامان دەگرن، دەمانەوێت وەکو دەستەی نوێنەرانی سەرجەم سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ هەموو لایەکی ڕوون بکەینەوە، دوایی کۆبوونەوە و قسەکردنمان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە و بەڕێوەبەری گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگشتیی و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانى عێراق هیچ لایەنێک نییە بڵێت ئەمە مافی خۆتان نییە.

باسی لەوەشکرد، سەرباری ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە (١٠) برگەی (٢٥)ـی ساڵی ٢٠٠٨ـی هەرێمی کوردستان و ماددەی ٦٧ـی ساڵی ٢٠١٧ـی پەرلەمانی عێراق، پێویستە دوای دەرچوونمان ڕاستەوخۆ هاوشێوەی یەکەمەکانی عێراق دابمەزرێن، نەک ماوەی نۆ ساڵ چاوەڕوان بین و دەستی دەستیمان پێبکەن.

وتیشی، داوا لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەین، کە خۆیان پێداگری بکەن لەسەر دامەزراندنمان و داوا لەسەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکان لە بەغداد بکەن، بە هیچ جۆرێک سازش نەکەن لەسەر دامەزراندنمان، چونکە جگه لەوەی کە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان پێویستین، نۆ ساڵەیشە چاوەڕوانین.

جەختی کردەوە، دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بکەینەوە دانەمەزراندنمان جگه لەوەی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمە، لە ئێستادا لەسەرشانی وەزارەتی شاندی دارایی هەرێم و سەرجەم ئەندامانی کوردی پەرلەمان عێراقە، کە بەرپرسن لە بژێوی و ژیانی ١٦ هەزار یەکەم لە سەرانسەری هەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو، نابێت بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی یاسای ئێمە بکەن و کەمتەرخەمبن، بۆیە تکا دەکەین بە هەمووتانەوە کۆتایی بەم چاوەڕوانییە تراژیدییە بهێنن و پێداگری بکەن لەسەر مافی کورد و ئێمەی یەکەمەکان و ئایندەی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.













گەلەری