سەردێڕ:

زانكۆی سلێمانی بە پڕۆژەیەکی ژینگەیی ناوازە ڕیکۆردێکی گینس تۆمار دەکات

PM:01:08:03/09/2026

1220 جار خوێندراوەتەوە

زانكۆی سلێمانی بەهۆی دروستكردنی گەورەترین رستەی بە درەخت روێندراو، ناوی چووە كتێبی گینسەوەو ئەم هەنگاوە ژینگەییەش، لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆ، پارێزگاری سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ نێودەوڵەتیكردنی زانكۆی سلێمانی، و بەرزكردنەوەی پێگەی سلێمانی لەسەر نەخشەی ژینگەیی و داهێنانی جیهانی هەڵسەنگێندرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لەمەڕاسیمی راگەیاندنی چوونە ناو كتێبی گینسی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاند، زانكۆی سلێمانی لەڕیزبەندییە جیهانییەكاندا بەرەوپێشچوونی بەردەوامی تۆماركردووەو سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانیش لەبواری بەڕێوەبردن و كوالێتیدا هەنگاوی گەورەی ناوە.

باسی لەوەشکرد، یەكەم زانكۆی هەرێمە كەتوانیویەتی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی سیستمی بەڕێوەبردنی كوالێتی (ISO) بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاستی بەرزی بەڕێوەبردن و خوێندن لە زانكۆی دایك دەسەلمێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لەخواستەكانمان بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆی دایك و بە رواندنی شەش هەزار نەمامیش پەیوەندییەكی ناوازە لەنێوان مرۆڤ و سروشت، زانست و زانكۆو كۆمەڵگەدا دروستدەكات.

هاوکات، هەر لە مەڕاسیمەکەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت،  ناوی سلێمانی بەڕووی جیهاندا كرایەوەو ئەم دەستكەوتەش هی هەموومانە، هەروەها لەمانگەكانی ئایندەدا چەندین دەستكەوتی دیكە بۆ سلێمانی دەبینن، چونكە تەنها لەم مانگەدا بەشداریی پێنج سێكتەری جیهانیی كارا دەكات.

وتیشی، سلێمانیمان خستووەتە سەر نەخشەی جیهانیی داهێنانەكان و ئەمەش ناو و ناوبانگی كورد دەپارێزێت و لەدۆخی خۆ بەكەم زانین و چاوەڕوانی نێودەوڵەتی دەردەچین و دەبێت سلێمانی بكەینە بەشێك لەدابینكردنی سەرچاوەی وزەی نێودەوڵەتی و ژینگەو ئاوی پاك و كێڵگەی نێودەوڵەتی.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا،  د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی، پیرۆزبایی لە سەرۆكی زانكۆو ستافەكەی دەكەم، هاوكات هەموو ئەو باخەوانانەی لەزانكۆی سلێمانی كاردەكەن، لەوەزارەتەوە پاداشتی ماددیی و مەعنەویان دەكەین.

 













گەلەری