وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری دەرکردنی ٣٨ ئەفسەر و سێ هەزار و ٤٢٥ کارمەندی لە ریزەکانی وەزارەت دەرکرد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە کەیسەکانی گەندەڵی و هەڵاتن لە ئەرک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، میقداد میری، سەرۆکی بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، وەزارەت رێکارێکی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی پابەندبوونی پیشەیی لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا گرتووەتەبەر، جەختیکردەوە، هیچ پارێزبەندییەک بۆ هیچ کەسێک نییە ئەگەر تێوەگلانی لەو کەیسانەدا بسەلمێت کە پەیوەندییان بە پاکوخاوێنییەوە هەیە یان ناوبانگی دامەزراوەکە لەکەدار دەکات.
لە ماوەی ١٠٠ رۆژی
تەمەنی حکومەتی ئێستادا، وەزارەتی ناوخۆ رێکاری توندی گرتووەتەبەر کە بەهۆیەوە ٣٨
ئەفسەر بەتەواوەتی لە خزمەت دەرکراون، ئەم بڕیارەش دوای پشتڕاستکردنەوەی تێوەگلانیان
لە کەیسەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی هاتووە.
ئەو بەرپرسە
ئاشکراشی کرد، لەپاڵ ئەوانەدا، ١٨٠ کارمەند بەهۆی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا و بە
هەمان هۆکار لە خزمەت دوورخراونەتەوە، هاوکات سێ هەزار و ٢٤٥ کارمەندیش کە لە ئەرکەکانیان
هەڵاتبوون، لە ریزەکانی وەزارەت دەرکراون.
ئەو رێکارانە دەیسەلمێنن
کە وەزارەت بە جددی و توند مامەڵە لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی لە ئەرکدا
دەکات، هاوکات وتیشی، "پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوە بێ جیاوازی بەردەوام دەبێت،
چونکە پاراستنی دامەزراوە ئەمنی و بەهێزکردنی پابەندبوون لە ریزەکانیدا، بنەمایەکی
گرنگە بۆ بونیاتنانی دەزگایەکی ئەمنیی پیشەیی کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت
و شکۆی دەوڵەت بپارێزێت".