بڕیارە ئەمڕۆ دادگایی كردنی لاهور جەنگی و ١١ دەستگیركراوی دیكەی لالەزار بە گوێرەی ماددەی ٥٦ لە كاتژمێر ١٠ـی بەیانی لە دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دانا تەقیەددین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور جەنگی بە ئێن ئاڕ تی وت، دادگاییەکە بەگوێرەی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەچێت.
ئەم
ماددەیە تایبەتە بە ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوان، ئەگەر تاوانەکە گەورەبێت سزاکەی
حەوت ساڵ بەندکردنە، ئەگەر تاوانەکەش بچووک بێت ئەوا سزای بەندکردنەکەی کەمتر دەبێت.
لاهوور جەنگی، پۆڵاد جەنگی و گیراوانی دیکەی
لالەزار تاوەکو ئێستا سێ جار براونەتە بەردەم دادوەر و دووجار دادگایی کراون، واتا
ئەمە سێیەم دادگایی کردنی لاهوور جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزارە و تاوەکو ئێستا
دادگا کەیسەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.
بە وتەی ئەو پارێزەرە، لاهوور جەنگی و پۆڵاد جەنگی و ١٠ گیراوەکەی دیکە
لە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی براونەتە دادگا، بڕیارە کاتژمێر ١٠ دادگاییەکە بەڕێوەبچێت،
تەنیا ڕێگە بە کەسی یەکەمی خێزانەکەیان دراوە لە دادگا ئامادەبن و پارێزەرەکانیش بۆیان
نییە مۆبایل ببەنە ژوورەوە.