بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناو ناحیەی پردێ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر خاڵێکی پشکنین و بارەگای فەوجێکی لیوای ١٦ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشدی تورکمانی) و بەپێی زانیارییەکان کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، چاوگێکی ئەمنی ڕایگەیاند، هێرشەکە لە لایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە و دەستڕێژی گوللە لە پاسەوانانی بارەگاکە کردووە، دوای رووداوەکەش هێرشبەرەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکەوە چەکدارێکی حەشدی شەعبی بە ناوی (عەلی بەهجەت حامد)
گیانی لەدەستداوە، هەروەها چەکدارێکی تریش بە ناوی (جونەید عیسمەت بەهجەت) بە
سەختی بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
دوای رووداوەکە،
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک گەیشتە شوێنی مەبەست و هێزە ئەمنییەکان دەستیان
بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە و لە ئێستادا رێکارەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی
هێرشبەرەکان بەردەوامن و ناوچەکە خراوەتە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنییەوە.
بەپێی
زانیارییەکان ئەو بارەگایەی هێرشەکەی کراوەتە سەر، چەکدارەکانی سەر بە حەشدی
تورکمانین و فەرماندەکەیان ناوی (عەلی بەغدادی)یە.