درەنگانی ئەمشەو بەغدای پایتەخت ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز و کەوتنەخوارەوەی درۆن لە ناوچە نیشتەجێبووەکان بووەتەوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی منداڵێک و تێکچوونی دۆخی ئەمنی گشتی لە زۆربەی گەڕەکەکاندا.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، کاتژمێر ١١ـی شەوی سێشەممە سیستەمی بەرگریی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری لە ناوچەی سەوز کەوتوونەتە کار و بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە دوو درۆن ئاراستەی باڵیۆزخانەکە کراون و دەنگی سیستەمی سی-ڕام بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەردەوامبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شەقامی فەڵەستین بیستراوە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی بوعەیسە، زەعفەرانیە و پردی دیالە بڵاوەیان پێکراوە تاوەکو بەزوویی ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەکی دیکە بگرن".
هاوکات بەگوێرەی زانیارییە ئەمنییەکان، لە گەڕەکی عامریەی بەغدا منداڵێک لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک گیانی لەدەستداوە. هەروەها چەندین درۆنی دیکە لە گەڕەکەکانی جەمیلە و شەقامی فەڵەستین کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی زۆریان بە ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئەمنی وتی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانیدا کە خاڵێکی ئەمنی لە باکووری بەغدا کردە ئامانج، ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز بریندار بوون.
بەگوێرەی چاوگە ئەمنییەکان کە قسەیان بۆ میدیاکانی عێراق کردووە، "ئەمشەو لە ئەنجامی بۆردومانکردنی خاڵێکی ئەمنی لە ناوچەی 'شێخ عامر' لە سەبع ئەلبور، ئەفسەرێک و چوار سەرباز برینداربوون".