سەردێڕ:

ئێران بە ١٠ خاڵ وەڵامی پێشنیازەکەی ترەمپی دایەوە؛ وردەکاری مەرجە نوێکانی ئێران

PM:01:00:07/04/2026

1032 جار خوێندراوەتەوە

ئێران تەنها ٢٤ کاتژمێر پێش کۆتایهاتنی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە پلانێکی ١٠ خاڵیی وەڵامی پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکای دایەوە.


ئەم وەڵامەی ئێران کە لە ڕێگەی پاکستنەوە گەیەندراوەتە واشنتن، چەند مەرج و پێشنیازێکی نوێی تێدایە کە باس لە گۆڕانکاریی گەورە لە هاوکێشە ئەمنیی و ئابوورییەکانی ناوچەکە دەکات.

دیارترین خاڵەکانی وەڵامەکەی ئێران:
-گەرەنتی ئەمنی: ئێران داوای گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی دەکات کە لە داهاتوودا رووبەڕووی هیچ هێرشێکی سەربازی نەبێتەوە، هاوکات داوای راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان دەکات.
-باج لە گەرووی هورمز: لەبری داواکردنی قەرەبووی دارایی راستەوخۆ، ئێران پێشنیازی کردووە بڕی دوو ملیۆن دۆلار رسومات بخرێتە سەر هەر کەشتییەک کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.
-هاوبەشی لەگەڵ عومان: بەپێی پلانەکە، داهاتی ئەم رسوماتە بە نیوەیی لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان دابەش دەکرێت و ئێران پشکی خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانە بەکاردەهێنێت کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لێی کەوتووە.
-کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان: تاران ئامادەیی نیشانداوە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵبگرێت، بەو مەرجەی هەموو سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.

بەپێی ئەم پلانە، ئێران پشکی خۆی لەو داهاتە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتوو بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەكاردەهێنێت، لەبەرامبەر ئەوەی داوای قەرەبووی راستەوخۆی دارایی نەکات.

هەڵوێستی ترەمپ چییە؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەیدا سەبارەت بەم پێشنیازانەی تاران رایگەیاند: "ئەمە پێشنیازێکی گرنگ و هەنگاوێکی باشە، بەڵام هێشتا بەس نییە."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە چاوەڕوانی کۆتایهاتنی ئەو وادەیەدایە کە ترەمپ بۆ دەستپێکردنی "هێرشی وێرانکەر" بۆ سەر ئێران دیاریی کردبوو، هەرچەندە پاکستان وەک نێوەندگیر رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا ئەم ١٠ خاڵە دەتوانن رێگری لە پێکدادانی سەربازی بکەن یان نا.













گەلەری