شەوی رابردوو بە دەیان درۆن و موشەک هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانج و بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە لە سلێمانی بینایەکی دوو نهۆمی بەتەواوی رووخاوە، لە سنووری هەولێریش چەندین ناوچە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات کرانە ئامانج.
شەوی رابردوو، ژمارەیەک درۆن رۆژئاوا و سەنتەری شاری سلێمانییان کردە ئامانج، ئەو درۆنانەی رۆژئاوای سلێمانییان کردبووە ئامانج لە ئاسمان تێکشکێندران، بەڵام دوو درۆنی یەک لەدوای یەک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لە سەنتەری شاری سلێمانی بە ئامانج گرت و بەهۆیەوە بینایەکی دوو نهۆمی بە تەواوی رووخا و زیانێکی زۆری مادیش بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی ژمارەیەک هاوڵاتی کەوت.
بەپێی زانیارییەکانیش لە هێرشەکاندا هیچ
زیانێکی گیانی نەبووە، دوای هێرشەکەش کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە
راگەێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بارەگایەکی ئەوانی کردووەتە ئامانج.
لە هەولێریش شەوی رابردوو، زیاتر لە ٢٩ هێرشی
درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر فرۆکەخانەی هەولێر ، کونسوڵخانەی ئەمریکا، پیرمام،
بەحرکە و کەمپی حزبەکانی رۆژهەڵات لە خەلیفان و ناحیەی شەمامک لە خەبات.
بەشێوەیەک، زیاتر لە ١٠ درۆنیان فڕۆکەخانەی
هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج لە سەنتەری هەولێر و شەش هێرشی
درۆنی و موشەکیش بۆسەر بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات بووە لە کۆیە، بە گوێرەی
زانیارییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەر دوێنێ لە چوارچێوەی هێرشەکاندا دەنگی
تەقینەوەی بەهێز لە دهۆک و فرۆکەخانەی هەریر و کەلار بیسترا، بەمەس لە سەرەتای
دەستپێکردنی شەڕو ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر لە ٦١٠ جار هێرشی درۆنی و موشەک کراوەتە
سەر هەرێمی کوردستان.