PM:09:04:17/02/2026
1520 جار خوێندراوەتەوە
١٥ ساڵ پێش ئێستا ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لە رۆژی ١٧ـی شوباتی ٢٠١١ـدا گەیشتە لوتکە و لە دوا نیوەڕۆی ئەو رۆژەدا بە مەبەستىی دەربڕینی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەکانى بەهارى عەرەبی، سەدان کەس لە شاری سلێمانى لە بەردەرکیسەرا خۆپیشاندانێکیان رێکخست و خۆپیشاندەران داوای گۆڕانی بنەرەتییان دەکرد و تێگەشتن لەوەی کە پارتی و یەکێتی توانا و ویستی چاکسازیان نیە.
دواتر ئاراستەى خۆپیشاندانەکە گۆڕا و خۆپیشاندەران بە دروشمی جیاواز،بەرەو شەقامی سالم بەڕێکەوتن.لەگەڵ گەیشتنیان بۆ بەردەم بارەگاى لقی ٤ـی پارتی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بارەگاکەیان بەردباران کرد، لە بەرامبەردا لەناو لقی چوارەوە، تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندەرێک بە ناوی رێژوان عەلی شەهید کرا و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.
خۆپیشاندانەکانی١٧ـی شوباتکە بە شەهیدبوونى١٠ کەس و
برینداربوونى نزیکەی ٥٠٠ کەسی دیکە کۆتاییان هات، لە
مێژووی هەرێمی کوردستاندا، بە درێژترین و بەردەوامترین خۆپیشاندانى
سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانى خەڵک دادەنرێت، کە بۆ ماوەی٦٢ رۆژ
لەسەریەک بەردەوام بوو، لە دوای راپەڕینیشەوە، بە
خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی هەرێمدا دادەنرێت کە بۆیەکەمجار
هاوڵاتیان بە ئاشکرا و بەبێ ترس دژی پارتی و یەکێتی وەستانەوە و
داوای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیان کرد.
ئێستا و ١٥ ساڵ دوای خۆپیشاندانەکان گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەو خراپتر
رۆشتووە و خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاو، لەسایەی
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەوە هاوڵاتیان بێبەشن لێی و جگە لەوانەش دەستی بردووە بۆ
قوتی خەڵک و زیاتر لە ٦٠ مووچەی مووچەخۆران بە لێبڕینەوە دابەشکراوە یان هەر
دابەشنەکراوە.
هاوکات جووت حزبەکە رێز لە داوا و خەباتی مەدەنی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی
کوردستان ناگرن و وەڵامی هیچ خۆپیشاندن و ناڕەزایەتییەکیش نادەنەوە و
دامەزراندنیان نەهێشتووە و جوڵەیان لە بازار بڕیوە و باجیان زیاد کردووە. واتە
لەماوەى ئەم ١٥ ساڵدا، دەسەڵاتدارانى هەرێم نەک هەر بیریان لە
چاکسازی نەکردووەتەوە بەڵکو بەردەوامن لە غرورى سیاسیی و ئەوەى لە
خەیاڵیاندا نەبێت دۆخى خراپیی خەڵکە.