سەردێڕ:

پەیامێک لە مەزڵوم عەبدییەوە سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ سوریا

PM:11:41:18/01/2026

1712 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، "شەڕێكی سەخت بەسەر گەلەكەمان سەپێندرا، بۆ رێگریكردن لە خوێنڕشتن و قوربانی دانی زیاتر، بەباشمان زانی لەسەر ئاگربەست رێكبكەوین". دەشڵێت، بەپێی رێکەوتنێک تەواوی هێزەکانیان لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزور دەکشێنەوە بۆ حەسەکە و هێزەکانیان لەوێ بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆیان دەکەن و لە توانایاندا هەیە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن".


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، لە پەیامێکدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، "لەم شەڕە شەهید و بریندارێکی زۆرمان دا و ویستمان ژمارەی قوربانییانی سڤیل زیاتر نەبێت، بۆیە لە هەرێمەکانی دێرەزوور و رەققە کشاینەوە بەرەو حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتن کرا".

هاوکات مەزڵوم عەبدی، پابەندبوونی خۆیانی بە پاراستنی "دەستکەوتەکانی شۆڕش" و پاراستنی تایبەتمەندی ناوچەکانیان دووپات کردەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هێز و ئیرادەی پێویستیان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم شەڕە بەشێکە لە خەباتێکی درێژخایەن کە ١٤ ساڵە بەردەوامە.

ناوبراو بەڵێنیشیدا کە دوای گەڕانەوەی لە دیمەشق، وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.














گەلەری