سەردێڕ:

خۆسەر: مافە نەتەوەییەکان پێویستیان بە گرەنتی دەستووری هەیە نەک بڕیاری کاتی

PM:12:43:17/01/2026

728 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی مەرسومە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە کورد بە ناتەواو ناوبرد و جەخت دەکاتەوە کە مافە نەتەوەییەکان پێویستیان بە گرەنتی دەستووری هەیە نەک بڕیاری کاتی.


ئەمڕۆ شەممە ١٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بەو مەرسومە کۆمارییە نیشاندا کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا سەبارەت بە مافەکانی کورد دەری کردبوو. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای ئەم مەرسومە وەک هەنگاوی یەکەم دەبینرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی هیوا و خواستە رەواکانی گەلی سوریا و پێکهاتەکانی نییە و ناتوانێت کۆتایی بە کێشە مێژووییەکان بهێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا بە مەرسومی کاتی جێگیر ناکرێن و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە کە مافە بنەڕەتییەکان پێویستە لە رێگەی دەستوورێکی هەمیشەیی و کۆکەرەوەوە بچەسپێنرێن، چونکە مەرسومە کاتییەکان ناتوانن گرەنتییەکی یاسایی درێژخایەن بۆ ئایندەی سیاسی و کلتوریی کورد لە سوریا دابین بکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داواش دەکات کە کار بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێی دیموکراتی بکرێت کە لەسەر بنەمای "زۆرینە" دامەزرابێت، ئاماژە بەوە کراوە کە تەنیا لە سایەی دەستوورێکی لەو شێوەیەدا دەکرێت دان بە هەموو پێکهاتەکاندا بنرێت و مافەکانیان بپارێزرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی زەرور بۆ رێگری لە گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوی لە وڵاتدا دەبینرێت.

باس لەوەشکراوە، چارەسەری ریشەیی بۆ پرسی ماف و ئازادییەکان لە سوریا تەنیا لە رێگەی دەستوورێکی دیموکراتی لامەرکەزییەوە دەبێت، بە بڕوای ئەوان، سیستمی لامەرکەزی گرەنتی بەشداریی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان دەکات لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا، ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و کۆتاییهێنان بە ١٥ ساڵ لە جەنگ و ماڵوێرانی.













گەلەری