سەردێڕ:

عێراق بەشێوەی قەرز ئۆتۆمبێل دەداتە هاوڵاتییان؛ مەرجەکان چین؟

PM:06:19:24/12/2025

10760 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، قەرز دەدەنە توێژێکی دیاریکراو بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرنشینان و وردەکاری و مەرجەکانی پێدانی قەرزەکەیان بڵاوکردەوە و ئەمەش لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ئەنجوومەنی وەزیراندایە بۆ رەخساندنی هەلی کار.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق وتی، ئەم قەرزە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بێکارن و پێشتر ناوەکانیان لە بنکەی زانیارییەکانی فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەیی تۆمار کردووە و مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی قەرزەکە ئەوەیە داواکار دەبێت خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی گشتی بێت.

وتیشی، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە وەستاوەتە سەر دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی و پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ـدا جێگە بکرێتەوە، پارەکە بەشێوەی کاش نادرێتە دەستی سوودمەند، بەڵکو لەڕێگەی کۆمپانیا رێپێدراوەکانەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ١١ یان ١٢ سەرنشینی بۆ دەکڕدرێت و راستەوخۆ بەناوی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە بە مەرجێکە کە ئەو کەسەی سوودمەند بووە بڕی قەرزەکە بەبێ زیادە و سوود (فائیدە) بۆ حکومەت بگێڕێتەوە، و لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیاکان رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن لەنێوان شۆفێرەکان و دامەزراوە حکومییەکان، کۆلێژ و قوتابخانە ئەهلییەکان بۆ دابینکردنی گرێبەستی گواستنەوەی فەرمانبەران و خوێندکاران.

هەر بەگوێرەی پلانی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە دوو ئامانجی هەیە، هەلیکاری راستەقینە بۆ بێکاران دەڕەخسێنێت، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە شەقامەکانی عێراقدا.













گەلەری