سەردێڕ:

بەشێکی دیکەی چەکی پارەی گەنمى جوتیاران دابەشدەکرێت

PM:03:39:07/10/2025

2832 جار خوێندراوەتەوە

سایلۆی هەولێر ئاگاداری ئەو جوتیارانە دەکات کە گەنمیان رادەست کردووە و دەڵێت، سبەینێ دەست بە دابەشکردنی چەکی پارەکانیان دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی تشرینی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر لە ئاگادارییەکەدا بۆ جوتیاران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جوتیارانەی زنجیرەی ناویان لە (٤٥١) تاکو (٦٢٥)ـە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان و دواتر پارەکانیان لە بانکی TBI وەربگرن.

رێکارەکان دوو جۆرن:

بەپێی نووسراوێکی بەغدا، ئەو جوتیارانەی کە بڕی گەنمەکانیان (٥٠) تەن یان کەمتربووە، دەتوانن سەردان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.
ئەو جوتیارانەی کە زیاتر لە (٥٠) تەن گەنمیان رادەست کردووە، پێویستە چاوەڕێی دابینکردنی پارە بکەن لە بەغدا و لە کاتی گەیشتنی پارەکە ئاگادار دەکرێنەوە.
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی چەکیش ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە ئەو کەسە ئامادەبێت کە چەکەکەی بەناو کراوە.
لەکاتی ئامادەنەبوونی خاوەنی چەکیش، پێویستە بریکارنامەی (وەکالە)ی پەسەندکراوی هەمان ساڵی هەبێت و ئەگەر خاوەنی چەک کۆچی دوایی کردبێت، پێویستە دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی بهێنرێت لەگەڵ بریکارنامەی گشتیی هەموو میراتگران.













گەلەری