سەردێڕ:

لە فیستیڤاڵی خێڵەوە، بۆ ئاهەنگی خانەوادە دێرینەکان!

PM:08:22:01/10/2025
156 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+ -

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆئەوەی بتوانێت زیاتر کۆنترۆڵی تاک بەتاکی کۆمەڵگە بکات، لەپێناو ئامانج و ئەجێندا دەسەڵاتییە بنەماڵەییەکەیدا، بەتایبەت لەئێستاداکە زیاتر لەسێ دەیەیە، ئەزموونی حوکمڕانی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا تاقیکردۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژیش خەڵک لێیان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ئەوان لەم سەدەی پێشکەوتندا جارێکی تر، بۆئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست نەدەن، بەردەوام لەڕێی سەرۆک خێڵ و پیاوانی دیاری نێو کۆمەڵگە، هانا بۆ فیستیڤاڵی خێڵ و ڕۆژی گوند دەبەن هەتا بتوانن لەڕێی یەک کەسەوە، ئاراستەی تاکەکان بەناوی عەشیرەت و ناوی جیاجیاوە، بەرەو لای خۆیان ئاراستەب بکەن.

ئەوەی مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، لە سلێمانی بەئامادەبوونی بەشێک لەبەرپرسانی یەکەمی ئیداری شارەکەش، لە وێنەیەکی جیاواز بەڵام خزمەت بەهەمان ئامانج کەوتونەتە خۆ و لەژێر ناوی خانەوادە دێرینەکانی شارەوە خۆیان لە یەک ملیۆن خەڵکی تری شار جیاکردۆتەوە و ئاهەنگ و کۆبوونەوە و خوان ڕێکدەخەن و چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنیش کەمتەرخەمیان نەکردووە لەگواستنەوەی ئاهەنگە تایبەت و جیاکارییەکانیان!

لەهەموو دونیادا کلتور و ڕەنگ و نەتەوە جیاوازەکان تێکەڵ بەیەکتری دەکرێن و فیستیڤاڵیان بۆ ڕێکدەخرێت هەتا خزمەت بەمرۆڤایەتیی بکەن لەڕێی ئاڵوگۆڕی وێنە جیاوازەکانی تایبەت بەو نەتەوانە، بەڵام تازە بەتازە و لەم سەردەمی دونیا بچوکبۆوە دێن و لەشارێکی وەک سلێمانی، سلێمانی دەکەن بەموڵکی چەند خانەوادەیەک و ئەویتریش دەبێت سەیریان بکات،هەتا بزانن بۆچی ئەمان بەخاوەنکردنی شار نیشاندەدرێن!

ئەم جیاوازی و درز دروستکردنە لەنێوان پێودانگی ڕەسەن و ناڕەسەندا بەدانیشتوانی شارێک هۆکارێک دەبێت بۆ دروستکردنی ڕق و جیاوازی لەنێوان دوبەرەی دێرن و نوێی شارەکەو جۆرێک وێنەی جیاواز بەپێکهاتەی تازەی شار دەبەخشێت، بۆیە هەرچی زووە دەبێت ئەم جۆرە لە ئاهەنگ و فیستیڤاڵ کۆتاییان پێ بێت و ئەمیش ڕێگەیەک نەبێت بۆ درز خستن و ناکۆکی نێو دانیشتووی شارێک و چینێک خۆی پێ خاوەن ماڵ و ئەویتر بەمیوان.

گەلەری