لێدان لە قەوارەی هەرێم، پێگەی حکوومەت و بنەما دیموکراسییەکان
PM:02:44:05/10/2025
232 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
گیژاوی سیاسیی ئەم دوایییەی سلێمانی و ناکۆکییە سیاسی
و کەسییەکان، بۆ قەوارەی سیاسی هەرێم ڕەشەبایەکی ترسناکە، بێگومان پەڵەیەکی ڕەش لەسەر
ئەزموونی حکومڕانی، پێگەی کوردستان و بنەما دیموکراسییەکان لەچاوی کۆمەلگەی
نێودەوڵەتیەوەدا جێدەهێڵێت.
ئەوەی لە سلێمانی پێشهات، تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی حزبێکی
دیاریکراو نەبوو، بەڵکوو لێدانێکی زۆر قورس بوو لە شکۆی حکوومەت و قەوارەی هەرێمی
کوردستان بە گشتی. کاتێک گرووپێکی حزبی یان هێزێکی ئەمنیی دەرەوەی چوارچێوەی
فەرمی، توانای تێکدانی ئاساییش و پەکخستنی ئیدارەی هەیە، ئەمە بەڕوونی دەری دەخات،
کە هێز لەدەرەوەی حکوومەت و ناوچەیەک لەدەستی گرووپ، حزب و کەسەکانە نەک هێزێکی ڕێکخراو
و نیشتمانی. ئەم دۆخە نیشانەیەکە لەوەی کە هێشتا هەندێ ناوچە و دەستەڵاتی
فەرمانڕەوایی لەژێر چنگی حزب و تاکەکەسیدان، نەک دامەزراوە نیشتمانییەکان. ئەمەش پایەکانی
متمانەی ناوخۆیی خەڵک، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە حکوومەت و حکومڕانی دەهەژێنێت.
هەروەها دەشبێتە شکاندنی یاسا و پەکخستنی دەستەڵاتی دادوەری: یەکێک لە خاڵە هەرە
مەترسیدارەکانی ئەم قەیرانە، پێشێلکردنی بێ سنووری یاسا، بەکارهێنانی هێزە ئەمنی و
چەکدارییەکانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان، لە کاتێکدا دەبوو دادگەکان و
سیستەمی دادوەریی قسەی کۆتایی بکەن. کاتێک دەستەڵاتی جێبەجێکردن یان حزبێک خۆی لە
سەرووی یاساوە دەبینێت، دەستەڵاتی دادوەری خەسێندراو و بێ کاریگەر دەبێت. ئەمەش بە
واتای کوشتنی ڕاستەقینەی دیموکراسی و لەناوبردنی بنەماکانی دەوڵەتی یاسا دێت، کە
بنچینەی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون.
شکستی دیموکراسی و وێنەیەکی ناشیرین بۆ دەرەوە و کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی: دوای سێ دەیە لە حکومڕانی خۆماڵی،
کە دەبوو ئەزموونێکی سەرکەوتوو و دیموکراسی نیشانی جیهان بدەین، ئەم ڕووداوانە
نیشانەی شکستێکی گەورەن لە پڕۆسەی دیموکراسیدا. بەشێکی هەرێم لەبری قووڵکردنەوەی
بنەماکانی متمانە و یەکخستنی دامەزراوەکان، لە گێژاوێکی بێ سەرووبەردا دەژیت.
ئەمەش کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا
دەبێت. جیهان بە گومانەوە سەیری هەرێم دەکات؛ وێنەی هەرێم وەک قەوارەیەکی سەقامگیر
و پابەند بە یاسا، لێڵ دەبێت. کەمبوونەوەی وەبەرهێنان، کەمبوونی پشتیوانی
دیپلۆماسی و لەدەستدانی متمانەی جیهانی، تەنیا هەندێکن لە دەرەنجامە نەگریسەکانی ئەم دۆخە.
هەرێم، لەبری ئەوەی ببێتە چراخانێکی دیموکراسی، مەترسی ئەوەی لەسەرە، کە ببێتە
خاڵێکی ناجێگیر و جێی دڵەڕاوکێ لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە.
با قسەی کۆتایی لێرەدا ئەوەبێت، کە لەم ساتە وەرچەرخانەدا،
گەلەکەمان لەبەردەم تەحەددای مەترسیدار و لەهەمان کاتدا هەلی گەورە دایە، ئەمەش بەهۆی
گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و ڕەوتی فرەجەمسەریی جیهانی. بۆیە چیتر کات بۆ سەرقاڵکردنی
ڕای گشتی و دواخستن نەماوە. پێویستە دەستبەجێ، بە گیانێکی نیشتمانی و دیتگەیەکی
نوێ و هاوبەشەوە، ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە. با هەموو سنوورەکان تێپەڕێنین، یەکگرتوو
بین و چرای هیوا لە تاریکیدا دابگیرسێنینەوە، بۆ ئەوەی لەم لێوارە مەرگبارە ڕزگارمان
بێت و ئەزموون و خەونەکانمان بە شکۆمەندییەوە زیندوو بکەینەوە و متمانەی شکاوی
خەڵک و هیوا بۆ گەنجەکانمان بگەڕێنینەوە، ئەمەش بۆ بنیاتنانی داهاتویەکی گەش بۆ
نەوەکانمان. لەهەڵەکانی ڕابوردوومان فێر ببین و لەوە تێبگەین، کە قەیرانی سلێمانی تەنیاناکۆکییەکی حزبی نییە، بەڵکوو ژەهرێکە بۆ
گیانی دیموکراسی، تێکشکاندنی یاسا، لاوازبوونی شکۆی حکوومەت و داتەپینی پێگەی
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.