سەردێڕ:

عێراق؛ بۆ ئەم مانگە بەرهەمهێنانی دەرمان زیاتر لە ٣ ملیار دینار تێدەپەڕێنێت

PM:05:28:14/08/2025

1452 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای گشتیی دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە سامەڕا، بەرنامەی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ مانگی ئاب راگەیاند کە بەهای زیاتر لە ٣.٤ ملیار دینارە. دەشڵێت، دڵنیایی دەدەن لە گەیاندنی دەرمانەکان بە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە نرخێکی گونجاو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ـی ئابی ٢٠٢٥، محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە سامەڕا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، بەرنامەی بەرهەمهێنان بۆ مانگی ئاب سێ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن دیناری عێراقی تێپەڕاندووە.

هەروەها روونیکردەوە بەرنامەکە بەرهەمهێنانی کۆمەڵێکی بەرفراوانی دەرمانی نوێ و نموونەیی لەخۆدەگرێت بە شێوەی جۆراوجۆر وەک (حەب، کەپسول، شەربەت، مەڵحەم و هیتر) بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ و نەخۆشخانەکان.

وتیشى، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی دەرمان بەپێی ئەو گرێبەستە بازاڕکردنانە بەڕێوەدەچێت کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ئاژانسی تایبەتمەندی بازاڕکردن واژۆ کراون، ئەمەش دڵنیایی دەدات لە گەیاندنی دەرمانەکان بە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە نرخێکی گونجاو و کوالێتییەک کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەرنامەیە لە چوارچێوەی ستراتیژی کۆمپانیاکەدایە بۆ بەدەستهێنانی خۆبژێوی لە دەرمانە سەرەکییەکان و کەمکردنەوەی کەمیی دەرمان لە بازاڕەکاندا، هەروەها پشتگیریکردنی دامەزراوە تەندروستییە حکومییەکان.













گەلەری