وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ عێراق بە تەواوی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رادەگرێت و هاوکات، جێگری سکرتێری وەزارەت پلانێکی ئاشکرا کرد بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٣٠.
ئەمڕۆ هەینی ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٥، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ عێراق بە تەواوی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رادەگرێت، ئەمەش لە ئەنجامی فراوانکردنی پڕۆژەکانی پاڵاوتنی ناوخۆییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی یەکەی FCC (Fat Catalytic Cracking) لە پاڵاوگەکانی باشوور گەیشتوەتە
قۆناغی پێشکەوتوو و بەشدارییەکی بەرچاو دەکات لە گەیشتن بەم ئامانجە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، باسم محەمەد، یاریدەدەری
ئەمینداری وەزارەتی نەوت، بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت وتی، وەزارەتەکە بەپێی پلانێکی
ستراتیژی کاردەکات بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ نزیکەی ٦ ملیۆن
بەرمیل لە رۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٣٠.
وتیشی، پلانەکە پشت بە پەرەپێدانی بوارەکانی
ئێستا و وەبەرهێنان لە بوارە گەشەنەسەندووەکاندا دەبەستێت و ئەم ئامانجە واقیعییە
و لە ماوەی دیاریکراودا دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەستبوونی سەرچاوە
تەکنیکی و تەکنەلۆژی و مرۆییە پێویستەکان.
هەروەها، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت،
رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێستای عێراق نزیکەی ٤.٢ تا ٤.٥ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا
و توانای هەناردەکردنی نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.
هاوکات، عێراق هەوڵدەدات ئەم ژمارانە زیاد
بکات بە فراوانکردنی بەرهەمی کێڵگەکانی باشوور.
هاشم ئازاد