PM:02:58:25/04/2025
1240 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئێمە لە رێگەی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە دیمەشق، بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو رووداوە دەکەین کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەکی عێراقی لە سوریا."
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ـی نیسانـی ٢٠٢٥، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەوردی گرنگی بەو رووداوە دەدات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی سوریا کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و دڵنیابوون لە بەدیهێنانی دادپەروەری.
ئەوەشی خستەڕوو، "باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق بەردەوامە لە پەیوەندییە چڕەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی سوریا بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ پاڵنەرێک هەبووە یان نا، هەروەها بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ راستی و وردەکارییەکانی رووداوەکە، لەوانەش کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە دادوەرییە پێویستەکان". بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە "پابەندبوونی حکومەتی کۆماری عێراق بە پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و مافەکانیان لە هەموو هەلومەرجێکدا".