سەردێڕ:

کارەبای عێراق: زیاتر لە ١٢٦ هەزار پانێڵی وزەی خۆر گەیەندرایە عێراق

PM:05:22:24/04/2025

1104 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای عێراق، گەیشتنی زیاتر لە ١٢٦ هەزار پانێڵی وزەی خۆری لە چوارچێوەی پڕۆژەی خۆری بەسڕە راگەیاند.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ـی نیسانمی ٢٠٢٥، زیاد عەلی فەدحیل، وەزیری کارەبا رایگەیاند، زیاتر لە ١٢٦ هەزار پانێڵی وزەی خۆری گەیشتوونەتە شوێنی پڕۆژەی وزەی خۆری بەسڕە لە کێڵگەی ئارتاوی، کە لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بە توانای ١٠٠٠ مێگاوات جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی خۆری بەسڕە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە کە لە ئێستادا لە عێراق جێبەجێ دەکرێت و بەشدار دەبێت لە دابینکردنی خواستی پەرەسەندنی وزە، بەتایبەتی لە کاتی لوتکەدا.

باسی لەوەشکرد، دوێنێ نزیکەی ١٦٠ کۆنتێنەر لە پانێڵی خۆری هاوردەکراو لە باشترین سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانەوە گەیشتن، جگە لە ١٨ کۆنتێنەر کە کێبڵی ڤۆڵتیەی بەرز و مامناوەندی تێدایە کە پێویستن بۆ تۆڕی پەیوەندی کارەبایی.

ئەوەشی خستەڕوو، بەسرە خاوەنی توانای هەمەچەشنکردنە لە سەرچاوەکانی وزە و ژێرخانی کارەبادا، ئەمەش بەهۆی ئەو هەوڵانەی لە ماوەی رابردوودا داومانن، کە بەشداربوون لە مۆدێرنکردنی کەرتی وزەی پارێزگاکە.

هەروەها، پڕۆژەی خۆری بەسڕە وزەی پاک بۆ تۆڕی کارەبا لە پارێزگای بەسڕە دابین دەکات و سەقامگیرییەکەی بەرز دەکاتەوە و ئاسۆی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی نوێبووەوە لە عێراق دەکاتەوە.













گەلەری