سەردێڕ:

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمان: ئەگەر خشتەى بودجەش نەنێردرێت دەتوانرێت بودجەى سێ ساڵە جێبەجێبکرێت

PM:11:19:18/04/2025

2128 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەدات، ئەگەر خشتەى بودجەش نەنێردرێت حکومەت دەتوانێت یاسای بودجەى سێ ساڵە جێبەجێبکات و پێشبینیش دەکات، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا سەرەی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە.


ئەمڕۆ هەینی ١٨ـی نیسانـی ٢٠٢٥، موعین کازمى، ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، بە میدیاکانى عێراقی وتووە، ئەو بودجەیەی لە ساڵی ٢٠٢٣ پەسەندکراوە، بودجەی سێ ساڵە و دەتوانرێت لە ساڵی ٢٠٢٥ جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات هیچ گۆڕانکارییەک یان هەموارکردنەوەیەکی بۆ بکرێت.

هەروەها پێشنیازی ئەوەشی کرد، لە ئێستادا حکومەت لە پڕۆسەی خەمڵاندنی داهاتدایە دوای ئەوەی نرخی نەوت بە نزیکەی ٥ دۆلار لە نرخی دیاریکراوی بودجەی پەسەندکراو کە ٧٠ دۆلارە دابەزی، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهات هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت هەوڵدەدات بۆ دەستەبەرکردنی پارەی پێویست بە هەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە و زۆرترین داهاتی نانەوتی لە باج و دەروازە سنوورییەکان، گومرگ و کۆکردنەوەی موڵک و ماڵی شارەوانی و دەوڵەت و هەر نەختینەیەک کە لەبەردەستدایە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنى خەرجی بەکاربردن لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا.













گەلەری