سەردێڕ:

مەشهەدانی پێشوازیکرد لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی

PM:04:58:18/04/2025

1088 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری.


ئەمڕۆ هەینی ١٨ـی نیسانـی ٢٠٢٥، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشوازی لە محەمەد ئەحمەد یەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری کرد، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سەردانەکە بە ئامانجی پتەوکردنی هاریکاریی پەرلەمانی عەرەبی و هەماهەنگی هەوڵە هاوبەشەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەشە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە مەراسیمی پێشوازییەکەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمینداریەتی گشتی پەرلەمان ئامادەی بوون.

هەروەها، مەشهەدانی، ستایشی ئەو رۆڵە گرنگەی پەرلەمانی عەرەبی کرد لە نوێنەرایەتیکردنی گەلانی عەرەب و بەرەوپێشبردنی یەکگرتن لە نێوان پەرلەمانە نیشتمانییەکان.

هاوکات، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی، دڵخۆشی خۆی بە سەردانی عێراق و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەربڕی.

وتیشی، گرنگی ئەم سەردانە لە پاڵپشتیکردنی پەیوەندییەکانی پەرلەمان و پتەوکردنی گفتوگۆی هاوبەشی عەرەبی، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی ئەو تەحەددایانەی رووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.

میدیا عێراقییەکان باسیان لەوەشکرد، بڕیارە شاندی سەردانکەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی عێراق ئەنجامبدات، جگە لە دانیشتنی کاری هاوبەش لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمانـی عێراق، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هەماهەنگی هەڵوێست لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و مرۆییەکان لەسەر گۆڕەپانی عەرەبی.

ئەوەشیان خستەڕوو، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەرلەمانی عەرەبیدایە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی دیموکراسی و دامەزراوە دەستوورییەکان لە عێراق، بەمەش بەشداری دەکات لە گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا.













گەلەری