سەردێڕ:

بڕیارە سبەینێ کۆمپانیا نەوتییەکان و هەرێم و بەغدا کۆببنەوە

AM:11:25:18/04/2025

3564 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ کۆمپانیا نەوتییەکان و هەرێم و بەغدا کۆببنەوە. ئێن ئاڕ تیش زانیویەتی، کۆبوونەوەکە بە فشاری ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.


ئەمڕۆ هەینی ١٨ـی نیسانـی ٢٠٢٥، بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا دەیەوێت هەرچی زووە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە، چونکە بەپێی خەمڵاندنەکەمان تەنها ئەمساڵ بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار نەوت بە قاچاخ فرۆشراوە داهاتەکەشی نادیارە.

لە ئێستاشدا گرفتی سەرەکی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم پارەی فرۆشتنی نەوتەکەیە، بەوپێیەی هەرێم داوای کردووە داهاتەکەی هەرێم خۆی مامەڵە بە پارەکەوە بکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت بەرپرسانی بەغدا ئاگاداری خەرجکردنی دیناربە دیناری نەوتەکە بن.

هاوکات، تا ئێستا هەرێم رەزامەندی لەسەر ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە نەداوە کە بڕیاربوو تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بخەمڵێنێت.

گرفتێکی دیکەی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتیش ئەوەیە، هەرێم داوای کردووە لەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بڕیارە رادەستی بەغدای بکات، خۆی ١١٥ هەزار بەرمیلی گلبداتەوە بە قاچاخ بیفرۆشێت.













گەلەری