AM:11:19:13/04/2025
1372 جار خوێندراوەتەوە
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، هێڵی سوری ئەوان چڕكردنەوەی دەسەڵاتە لە دیمەشق و پاراستنی ناسنامەی هەسەدەیە لەناو سوپای سوریا، دەشڵێت توركیا وردە وردە زمانێكی میانڕەوتر لە بەیاننامە فەرمییەكانیدا بەكاردەهێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی نیسانـی ٢٠٢٥، مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی مۆنیتەری ئەمریكی باسی لەوەشکرد، بەهۆی هەوڵی دۆستەكانیانەوە ئاگربەستی بەنداوی تشرین زیاتر لە ١٢ رۆژە بەردەوامە و بەشی یەكەمی رێككەوتنەکەش لەگەڵ دیمەشق لەسەر بەنداوی تشرین ئەوەیە، کە ئیدارەی بەنداوەکە و فەرمانبەرەكانی بەبێ گۆڕانكاریی بمێنێتەوەو كاركردنی بەنداوەكە لە ناوەندەوە وەكو خۆی بەردەوام بێت، تا گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی.
هەروەها بەشی دووەمیش كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بەرەو خۆرهەڵات
و رادەستكردنی شوێنەكانیانە بە هێزەكانی دیمەشق.
لەسەر کۆبوونەوەکەیشی لەگەڵ ئەحمەد شەرع وتی، كەشوهەوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەکە
دۆستانە بووە و بەرێزەوە پێشوازی لێكراوە و ئەحمەد شەرع بەناوی فەرمی خۆی بانگیکردووە.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەمریكی بەشداری لە ئیمزاكردنی
رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع نەکردووە، تەنیا رۆڵی ئاسانكاریی گێڕاوە، وتیشی
ئەمریكا پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات، چونكە سەقامگیریی سوریای دەوێت.
لە کۆتایشدا دەڵێت، بڕیاریانداوە هاوكاری حكومەتی سوریا بکەن لە رووبەڕووبونەوەی
هەر جۆرە جموجوڵێكی پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەد.