AM:11:12:03/04/2025
2080 جار خوێندراوەتەوە
بالیۆزخانەی عێراق لەئەنقەرە ئاشکرایکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانێكی گرنگ بۆ توركیا ئەنجامدەدات، دەشڵێت، سەردانەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵنانی هاوكارییە ئابووری و وەبەرهێنانەكان بۆ ئاستێكی نوێ، بڕیاریشە دواتر ئەردۆغان سەردانی عێراق بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ـی نیسانـی ٢٠٢٥، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە رایگەیاند، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی توركیا دەكات، وتیشی، سەردانەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا.
ماجید لجماوی، باڵیۆزی
عێراق لە توركیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا تیشك دەخرێتە
سەر كۆمەڵێك بابەتی ستراتیژی، دیارترینیان پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"، كە
لایەنی ئابووری بەرز دەكاتەوە و هاوبەشییەكی تۆكمە لە نێوان عێراق و توركیا دادەمەزرێنێت،
ئەوە جگە لە وزە و گواستنەوە و بازرگانی.
هاوکات، عەبدولقادر ئۆغڵو وەزیرى گواستنەوەى تورکیا رایگەیاند، دوای سەردانەکەی سودانی بۆ تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا سەردانى عێراق دەکات.
بەپێی قسەی باڵیۆزی عێراق، ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا لە كاتێكدایە، كە پێشهاتی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
گرنگ هەیە و ئەمەش وایكردووە ببێتە دەرفەتێك
بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییە ئەمنیی و ئابوورییەكان و چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و خزمەت بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات دەكات.