سەردێڕ:

زیرەکیی دەستکردنى بەناوبانگى “ChatGPT” بەیانیی ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکى کاتى لەکارکەوت

PM:06:34:30/03/2025

1660 جار خوێندراوەتەوە

زیرەکیی دەستکردنى بەناوبانگى “ChatGPT” بەیانیی ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکى کاتى لەکارکەوت، بەهۆى ئەو فشارە زۆرەى لەلایەن بەکارهێنەرانەوە کرایەسەرى.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئازارـی ٢٠٢٥، راپۆرتە تەکنییەکان بڵاویانکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەیەکى بەرفراوانى ترێندێکى نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە بەکارهێنەران وێنە کەسییەکانیان بۆ وێنەى کارتۆنى دەگۆڕى، بەتایبەت ئەوەى لە شێوازى ستۆدیۆى “جیبلى”ى ژاپۆنیی بەناوبانگ وەرگیراوە، زیرەکیی دەستکردنى بەناوبانگى “ChatGPT” بەیانیی ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکى کاتى لەکارکەوت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تایبەتمەندیی دروستکردنى وێنە لە ChatGPT لە کاتژمێرەکانى رابردوودا رووبەڕووى داوایەکى بێ پێشینە لە ملیۆنان بەکارهێنەر بووەتەوە کە خواستیان لەسەر وێنە کارتۆنییە نوێیەکە نیشانداوە و بەهۆیەوە خزمەتگوزارییەکانى فشارى زۆرى چووەتە سەر و بۆ ماوەیەک لە کارکردن وەستاوە، لەگەڵ نیشاندانى نامەیەکى ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەران دەربارەى نەتوانینى جێبەجێکردنى داواکارییەکان لەکاتى ئێستادا.

هاوکات، کۆمپانیاى"OpenAI”ى پەرەپێدەرى ChatGPT تائێستا هیچ راگەیەندراوێکى رەسمى دەربارەى راوەستانەکە بڵاونەکردووەتەوە.

هەروەها، بەهۆى لەکارکەوتنە کاتییەکەشەوە، زۆرێک لە بەکارهێنەران پەنایان بۆ جێگرەوەى دیکە بردووە بۆ دروستکردنى وێنەى کارتۆنى، لەوانە "Grok 3″ى سەر بە تۆڕى ئێکس، پێگەى "Waifu Labs” و ئەپى"ToonMe” و هۆکارەکانى دیکەى زیرەکیی دەستکردى تایبەت بە دروستکردنى وێنە بە شێوەى ئەنیمى.















گەلەری